ئاوات شێخ جەناب: بە كۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران رەتکرایەوە مووچە دابەش بکرێت تا بەغدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دەنێرێت
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، ، بە كۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران مامەڵەی بەغدامان لەگەڵ هەرێم رەت كردووەتەوە و هەروەها دەشڵێت: ئەو بڕیارەی لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە دراوە، حكوومەتی عێراق پێوەی پابەند نەبووە و تەنیا بەشێكی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە نێردراوە.
ئەمڕۆ هەینی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری رای گەیاند، لە كۆی ئەو بڕەی كە ئێمە بۆ مووچە داوامان لە عێراق كردووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا 560 ملیار دیناری رەوانە كردووە، وەزیری دارایی دووپاتیشی كردەوە كە سەرباری ئەوەی لیستی ئەو دەزگا و ئۆرگانانەی ئێمە رەوانمان كردووە، پارەكەیان نەنێردراوە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچەوە، وەزیری دارایی روونی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكە ئەوە خراوەتە بەر باس، كە ئایە ئێمە بەمشێوەیەی ئێستە تەسلیمی ئەو سیاسەتە شۆڤینییە بین كە لەلایەن بەغداوە بەرانبەر هەرێم پێڕەو دەكرێت و لە رێگەی مووچەوە دەیانەوێ كۆمەڵگەی كوردی و مووچەخۆرانی ئێمە دابەش بكەن بۆ مەدەنی و “ئەمنی” و سەربازی، بۆیە بەكۆی دەنگ لە ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ رەتكردنەوەی ئەم سیاسەتە بووین و هەمووان لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەنگ بووین لەسەر ئەوەی كە هەوڵەكانی ئەنجوومەنی وەزیران چڕبكرێتەوە لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی ئەم جیاوازییە و ناردنی بەشەكەی تری مووچەی مووچەخۆران بۆ هەرێم.
لەبارەی ئەوەی كە بۆچی ئەو بەشە پارە كەمەی بۆ مووچە نێردراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ دابەش ناكرێت، وەزیری دارایی و ئابووری رای گەیاند، بە كۆدەنگی هەمووان لە ئەنجوومەنی وەزیران پێمان وابوو دابەشكردنی كۆمەڵگەی كوردی بۆ سەر دوو چین “مەدەنی و عەسكەری” شتێكی خراپە و ناكرێ، چونكە تەنیا لە دەزگا تەناهییەكانەوە “ئەمنیی” 307 هەزار كەس مووچەی بۆ نایەت و مووچەبڕكراون لەلایەن عێراقەوە.
هەروەها وەزیری دارایی دووپاتی كردەوە، هیچ یەكێك لە ئەنجوومەنی وەزیران ناتوانێت ئەو بڕیارە قورسە بدات و بڵێت دەبێ واز لەو 307 هەزار یان 350 هەزار مووچەخۆرە بهێنرێت و چاوەڕانیشین لەو چەند رۆژەی داهاتوو ئەم كێشانە چارەسەر بكرێت بەو هەوڵ و تێكۆشانانەی كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراقەوە هەن لەم پێناوەدا.
ئاوات شێخ جەناب، لەبارەی بوونی گرفت لە لیستەكانی مووچەخۆرانی كوردستان كە بۆ بەغدا رەوان كراوە، رەتی كردەوە هیچ گرفتێكی هەبووبێت و روونیشی كردەوە كە لیستەكە ئەوەندە رێكوپێك بووە تەنانەت “تەیف سامی” وەزیری دارایی عێراق خۆی مەتحی لیستەكەی كردووە لەرووی رێكوپێكییەوە و تەنانەت هەموو لیستەكان بە هاوئاهەنگی كردن لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق نێردراوە و هیچ بیانوویەكمان لە لیستی مووچە نەهێشتبووەوە.
وەزیری داراییی هەرێم ئاشكرای كرد كە كێشەكە لەوەدایە ئەوان داوای لیستی دەزگا سەربازیی و تەناهییەكانی كوردستانیان كردووە، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی عێراق خۆیان نە لیستی مووچەخۆرانی سەربازیی و نە دەزگا تەناهییەكانی خۆیان لا هەیە و نە داوایشی دەكەن.
لەبارەی ئەوەی كە ئایا بە داهاتی ناوخۆ دەتوانرێت ئەو كورتهێنانە پڕبكرێتەوە كە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە نەنێردراوە، وەزیری دارایی رای گەیاند، نەخێر بەهیچ شێوەیەك بەداهاتی ناوخۆ ناتوانرێ ئەو كورتهێنانە پڕبكرێتەوە، چونكە هاوكێشەكان دیارن و هەمووی ژمارەن.
وەزیری دارایی لەبارەی ئەوەی كە بۆچی بە داهاتی ناوخۆ ناتوانرێ مووچە دابەش بكرێت روونی كردەوە، داهاتی ناوخۆ بەشێكی زۆری بەشێوەی چەكە و قەرزە ” بۆ نموونە كەسێك قەرزی ئاوی لایە و پارە نادات، یان پارەی كارەبای لایەو پارەكە نادات” ئەمانە بە داهات هەژمار دەكرێن، بەڵام بە فیعلی پارەكە دەفع نەكراوە و لەدەستی حكوومەت نییە، ئەمە جگە لەوەی كە حكوومەت بۆ خەرجی دام و دەزگاكان پارەیەكی زۆری پێویستە و لە داهاتی ناوخۆ خەرج دەكرێت.