بڕیارێکی گرنگ لەلایەن مەسرور بارزانییەوە لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وانەبێژان دەکرێنە گرێبەستی هەمیشەیی و شایستەداراییەکانیان لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت.
دەقی راگەیاندراوەکە:
لەسەر فەرمانی رێزدار “مەسرور بارزانی” سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز ، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات کە لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بە گرێبەست بوونی (کۆی وانەبێژان) لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت، و داوای تەرخانی دارایی لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت کە هەموو مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان وەک گرێبەستی هەمیشەیی و لەگەڵ هەموو مووچە خۆراندا شایستەی مووچەیان وەربگرن.
داوا لە هەموولایەکیش دەکەین پاڵپشتی ئەم هەنگاوەی حکومەت بن و لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێبکات.
لە رۆژی سێشەممە 16ی 4ی 2024، وەزارەتی پەروەردە لیستی کۆی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت.
ئالان حمەسعید صالح
وەزیری پەروەردە
9ی 4ی 2024