سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی ئوردن دەكات

رۆژی دووشەممە 6ی ئایاری 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی ئەردەن كرد كە پێكهاتبوو لە دكتۆر مەئمون ئەلدوبعی جێگری وەزیری خوێندنی باڵای ئوردن و سەرۆكەكانی نۆ زانكۆی ئەو وڵاتە و هەروەها بەڕێز فواد ئەلمەجالی كونسوڵی گشتی ئوردن لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان رۆڵی سەرۆك بارزانیان لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و قووڵتركردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و وێڕای جەختكردنەوە لە دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ئوردن و گەلی كوردستان ئامادەیی خۆیان پەرەپێدانی پەیوەندیی ئاكادیمی و هاوكاری و هەماهەنگی نێوان زانكۆكانی هەردوولا دەربڕی.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و شانشینی ئوردن دا و سوپاسی شا عەبدوڵڵا پادشا و حكومەت و گەلی ئوردنی كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا هاوسۆز و یارمەتیدەری گەلی كوردستان بوونە. جەختیشی لە قووڵتركردنی پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا كردەوە.

Back to top button