وەزیری ناوخۆ بڕیاری تاپۆکردنی 29 هەزار پارچە زەوی بۆ دانیشتووانی سلێمانی دەرکرد
دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاری دا بە فراوانكردنی سنووری 28 گوندی سنووری پارێزگاكە، بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پەسند كرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایار 2024، بەپێی بڕیاری رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای فراوانكردنی ماستەرپلانی شاری سلێمانی، 28 گوند كەوتوونەتە ناو ماستەرپلان و بەپێی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2012، مۆڵەتی تاپۆكردنیان هەیە، بۆ تاپۆكردنیش هیچ ماوەیەك دیاری نەكراوە، دانیشتووانی ئەو گوندانە هەر كاتێك مەبەستیان بێت دەتوانن زەوی یان خانووەكانیان تاپۆ بكەن.
ئەو بڕیارەش رێژەی خانووە زێدەڕۆكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كەم دەكاتەوە، کە لە ئێستادا 29 هەزار خانووی زێدەڕۆ هەن.
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە لەمەودوا ئەو 28 گوندەی كەوتوونەتە ناو ماستەرپلانەوە خانوو یان زەوییەكانیان مامەڵەی زێدەڕۆی لەگەڵ ناكرێت، بەپێی یاسای بەخاوەنكردنی حەرەمی گوندەكان بۆیان تاپۆ دەكرێت.
ئەو 28 گوندەی بڕیاری فراوانكردنیان بۆ دەرچووە ئەمانەن: قڕگە، قوەلەرەیسی سەروو، كەڵەكن، كانی گۆمە، كەنەسوورە، قەرەتۆغان، ژاڵەی خواروو، خەلیفاوا، خێوەتە، مەلا داود، ئاوبارە، كانی بەردینە، فەرەجاوا، رازیانەی نوێ، رازیانەی كۆن، شێخ وەیساوا، ئاشەسپی، بەردەكەڕ، كۆسەی چەم، عەواڵ، بابان، ئاڵیاوا، هوانە، سەماوات، ژاڵەی جەزا جاف، داربەڕوولە، كانی شینكە، ژاڵەی سەروو.