ئەکرەم ساڵح: حکومەتی ھەرێم بەبێ جیاوازی کاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەرێم کردووە

بەرپرسی لقی22ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ھەموو قەیرانەکان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام و بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، ئێمەیش وەکو حیزب ھەمیشە پردی پەیوەندی بووین لەنێوان خەڵک و حکومەتدا.

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی22ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرباری سەختی بارودۆخی دارایی لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا بەبێ جیاوازی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لە ھەموو ھەرێمی کوردستان بەردەوامی پێداوە و لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان پڕۆژە ئەنجام دەدات.

روونیشیکردەوە، سەرەڕای ئەوەیش حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی درێژخایەنی ھەیە بۆ پەرەپێدانی سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان لە ھەرێمی کوردستان، لەوانە سێکتەری کشتوکاڵ، ئاودێری و پیشەسازی، کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە.

بەرپرسی لقی 22ی پارتی لە گەرمیان ئاشکراشی کرد: ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان بەردەوام ھەوڵمانداوە پردێکی باشی پەیوەندی بین لەنێوان جەماوەر و دامودەزگا حکومییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی گەرمیان بکرێت.

Back to top button