د.ئومێد سەباح: كۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق فراوان و ئەنجامدار بوو
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند :” كۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق فراوان و ئەنجامدار بوو
ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی هەریەک نوێنەری وەزارەتی دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە .
لەبارەی كۆبوونەوەكە، ئومێد سەباح رایگەیاند: لەماوەەی دوو ڕۆژدا لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆمان لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ کرد، دوای ئەو کۆبوونەوانە جارێکی دیکە دووپات لە پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە ئیرادە و نیازی پاکی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەیە، داوای کرد لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕۆڵی چالاک و گرەنتی بدات لەبارەی هەر ڕێککەوتنێک کە پێی دەگەین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵییدا.
راشیگەیاند، لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر پرسی نەوت و غاز کردووە، لەگەڵ دۆسێی دارایی و پرسی مووچە، بەتایبەت مووچەی مانگی هەشت و نۆ، گوتی: ئەوان بەڵێنی باشیان پێمانداوە بۆ قسەکردن لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەبارەت بەو پرسە، دەڵێت: گفتوگۆمان لەبارەی بابەتی بەبانکیی کردنی مووچەخۆران کرد کە ژمارەیەکی زۆری مووچەخۆران بە بانکیی کراون ئەوانەی مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن، ئاشکرای کرد، سەدا50ـی ئەو مووچەخۆرانە تۆمارکراون، پێدانی پارەش بە بانکەکان سەدا25 کارا کراوە، ڕایگەیاند: تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی ملیۆنێک مووچە خۆر، مووچەکانیان بە بانکیی دەکرێن لەڕێگەی هەژمارە بانکییەکان.
ئومێد سەباح ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆیان لەبارەی دەروازە سنوورییەکان کردووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بوودجەی کارپێکردنی وەرنەگرتووە، دەڵێت: داوامان کرد کە لێژنەی دارایی دەستوورەدان لەو بابەتە بکەن و بەڵێنی ئەوەشیان پێماندا.
ئومێد سەباح دەڵێت: لە پرسی خانەنشینیش، داوامان کردووە بەگوێرەی فەرمانی دیوانیی ئەو پرسەی تایبەت بە خانەنشینان چارەسەر بکرێن و بۆ ئەوەش بەڵێنیان پێماندا چارەی بکەن.
گوتی: لەسەر پرسی داهاتەکان، هەوڵدەدەین دەزگاکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە و شیکردنەوەیەکی دروست بۆ داهاتە نانەوتییەکان دروست بکەین، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانمان لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕادەستی بەغدا کردووە.
گوتیشی: ئێمە پابەندی هەموو ماددەکانی بوودجەین، چاومان لەوەیە لێژنەی دارایی یارمەتیدەربن لە گەیشتمان بە مافە دەستوورییەکانمان لە بوودجەدا.