لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران سێ بڕیاری گرنگ دران
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بە بەشداری نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەم بڕیارانە دران:
یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیار درا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆ ببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەربکرێت.
دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیارکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی.
سێیەم: لە ئێستاوە کار بکرێت لە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەری لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی، دواتر بەپێی تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.