یەكگرتوو: پارتی و یەكێتی لەسەر هیچ حزبێك ناوەستن و بریار لە چارەنووسی كوردستان دەدەن
خواكوڕك
پاش كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی ( یەكێتی و پارتی) بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پیرمام بڕیار لەسەر ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان درا، ئەو بریارەش لە چوارچێوەی سەردانی وەڤدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی كە پێكهاتوون لە ( د.رۆژ نوری شاوێس و هۆشیار زێباری و مەلا بەختیار و سەعد ئەحمەد پیرە) بۆ لای لایانەكان دەستی پێكرد، ئەمڕۆش لەگەڵ هەر یەكە لە یەكگرتوو و كۆمەڵ و حزبی شوعی كوردستان كۆبوونەوە لە كۆبوونەوەكەشدا ئەندامێكی وەڤدی دانووستاندنی یەكگرتوو دەلێت پارتی و یەكێتی رێكەوتوون، لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و لەسەر یەك حزب ناوەستن”.
ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كە ئەمرۆ بەشدار بوو لە كاتی سەردانی وەڤدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بەرووداوی گوتووە پارتی و یەکێتی لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی رێککەوتوون و “بەدیار حیزبەکانەوە دانانیشن،ئەوان (شاندی پارتی و یەکێتی) گوتیان ئێمە بڕیارمان داوە، کێبڕکێ لەگەڵ کات دەکەین. ئێمە دەمانەوێت هاوکێشەکە بگۆڕین، ئەگەر هاوکێشەکە نەگۆڕین کورد وەکو نەتەوە زەرەر دەکات و دەرفەتەکەمان لەدەستدەچێت، ناشکرێت لەپێناو چارەسەری مەسەلە ناوخۆییەکاندا ئەو هەلە لەدەستبدەین”.
هەروەها سەلیم ئەوەشی راگەیاند، (پارتی و یەکێتی) لەسەر شتێک کە لەسەری رێککەوتوون، لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبنەوە. هەردووکیان یەک بڕیاریان داوە بەرمەبنای زانیارییەک، کە ئەو زانیارییەی ئەوان لەلای من نییە، بڕیارێکی هاوبەشیان داوە و رووبەڕووشی دەبنەوە. ئەوان ئەو گشپرسییە ئەنجامدەدەن و بەدیار حیزبەکانەوە دانانیشن”.
سەمیر سەلیم رایگەیاند، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەپێی ئەوەی هەلومەرجە بابەتی و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان هێناویانەتە کایەوە، پێیوایە هەلومەرجەکان رەخساون بۆ ئەوەی کورد بتوانێت سوود لە دەرفەتەکە وەربگرێت و بە ئاراستەیەکی باڵاتر کار لەسەر نەخشە سیاسییەکە بکات.
ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکگرتوو دەشڵێت “هەلومەرجی ئیقلیمی توانای رووبەڕووبوونەوەی هەلومەرجە نێودەوڵەتییەکەی نییە. ئەگەر ئیرادەی نێودەوڵەتی بیەوێت جارێکی دیکە دیزاینی ناوچەکە بکاتەوە و نەخشەی سیاسی لە عێراق و سووریا و ناوچەکەدا بگۆڕێت، پێموانییە ئیرادە ئیقلیمییەکان بتوانن رووبەڕووی ببنەوە. هاوکات ئیرادەی نێودەوڵەتی دەیەوێت سیستەمی ئەمنی هەرێمی دابڕێژێتەوە، لەو چوارچێوەیەش دەستکاری دەوڵەت و سەروەری دەوڵەتە”.
سەمیر سەلیم گوتیشی “بەپێی دەستوور ئیستحقاقی دارایی و ئیداری و سیاسی خۆمان هەیە. بەغدا لەبەر هەر هۆکارێک، هاتووە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، هەموو ئەوانەش وا دەکات عێراق هێشتنەوەی خۆی وەکو دەوڵەتێکی یەکگرتوو بهێڵێتەوە، نە عەرەبی سوننە، نە کورد دڵخۆشە بەو عێراقەی هەیە، تەنانەت شیعەکانیش یەک را نین، بۆیە ئەمانە هەلومەرجی نێودەوڵەتین هاتوونەتە کایەوە”.