رۆژنامەنووسێکی سلێمانی: ئەگەر ئەو رۆژنامەنووسانە لە هەولێر بگیرابان ئێستا هەر رێکخراو بوو خۆپیشاندانی رێکدەخست

چالاکوان و رۆژنامەنووسێكی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بێدەنگییەكی ناشرین بەرامبەر گرتنی رۆژنامەنووسەكانی سلێمانی هەیە، هەرچی میدیا و دەزگا و رۆژنامەنووس و چالاك و رێكخراو هەیە شەرمنانە خۆی بێدەنگ كردووە.

رێبوار حەمەلاو ئەحمەد، رۆژنامەنووس و چالاك لە سلێمانی، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، ئەو بێدەنگییە ئەوەمان پێ دەڵێت، زۆرینەی رەهای میدیا و رۆژنامەنووسەكان بەسەر باڵ و هێزی ئەمنی و دەزگا هەواڵگرییەكان دابەش بوونە، ئازادی میدیا لە كوردستان ئەو كاتە بەردەست دەبێت لە سلێمانییەوە قسە لەسەر زۆنەكەی پارتی یان لە دەرەوەی وڵاتەوە قسەی زل لەسەر لایەكیان بكەیت و لەولاوە مانگانەیەكی سووك و چروكت بۆ بنێرن.

ئەو باسی لەوە كردووە كە 2025 ساڵی بەرتەسکكردنەوەی ئازادی میدیا و رۆژنامەگەرییە، ئەوانەی دەنووسن و كار دەكەن لە چاونەترسی خۆیانە ئەگەرنا لە هەر كاتێكدا ئەگەری رفاندن و ون كردنیان هەیە.

نووسیویشیەتی، “ئەوەی زۆر بێ مانایە ئەگەر ئەم رۆژنامەنووسانە لە هەولێر و دهۆك بگیرابایەن ئێستە میدیاكانی زۆنی سەوز كردبوویانە هەڵا! هەر رێكخراو و چالاك بوو خۆپێشاندانی رێك دەخست! سۆشیال میدیا پڕ دەكرا لە هەواڵی گرتنیان و كونسوڵگە و باڵوێزخانە و تەنانەت كوردانی تاراوگەش بۆیان دەهاتنە سەر خەت، پەرلەمانتاری بێ ئیش و كار بابەتی بۆ دروست دەبوو قسەی لەسەر بكات، لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە وێنەكانیمان دەبینی”.

هەروەها دەڵێ‌، ئەوە دوو هەفتەیە ئەو چەند رۆژنامەنووسە گیراون، كەس خۆی ناكات بە خاوەنیان، ئەوە لەوە گەڕێ كە هیچ لایەنێكی فەرمی، وەك عورفێكی یاسایی و ئەخلاقی روونكردنەوەیەكی نەداوە بڵێت لەسەر فڵان تۆمەت گیراون و فڵان رۆژ دادگایی دەكرێن، ئەو رێكخراو و سەندیكایانەی كە خۆیان ناوناوە پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان سەرنجی بەیاننامەیانم داوە ئەوەندەی مافیان بە هێشتنەوە و گرتنی داوە ئەوەندە بەرگرییان لێ نەكردوون.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی، بێدەنگبوون لەسەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسەکانی سلێمانی پێمان دەڵێت، زۆرینەیەكی رەهای نووسەر و رۆژنامەنوس و دەزگاكان دابەستەی سیاسییەكانیانن.

Back to top button