تاڤگە عومەر: داوا دەكەین لێژنەیەكی تایبەتمەند پشكنینی بۆ بكەن تا بزانن ئەشكەنجە دراوە یان نا

چەند رۆژێكە ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی لەلایەن ئاسایشی یەکێتیەوە دەستگیر كراون بەبێ ئەوەی وردەكاریی گیرانەكەیان ئاشكرا بكرێت، یەكێك لەو رۆژنامەنووسانە (بەشدار بازیانی)یە كە لەم دواییانە زوو زوو باسی گەندەڵی و قاچاخچێتی و كەموكوڕییەكانی دەڤەری سلێمانیی دەكرد، بۆیە گومان و پرسیاری زۆر هەیە لەسەر دەستگیرکردنەکەی.
لەمبارەیەوە تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: هه‌ر كەیسێكی رۆژنامه‌نووسان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كاری رۆژنامه‌نووسی و له‌سه‌ر پیشه‌ی خۆی گیرابێت، ئێمە به‌دواداچوونمان كردووه، بە تایبەتی ئەگەر پێچه‌وانه‌ی یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007 هه‌ر رۆژنامه‌نووسێك گیرابێت.
ئەوەشی ڕوونكردەوە كە: گرتنی بەشدار بازیانی پێشلكردنی زه‌قی یاسایه و كەسوكارەكەیشی تا ئێستا نەیانتوانیوە بیبینن، ئەمە جگە لەوەی دەگوترێت لە ژووری تاكەكەسی دانراوە، بەڵام ئێمە وەك دەستە بەدواداچوونی خۆمان دەكەین.
ئەو بەرێوبەرە ڕوونیشی كردەوە: ئه‌شكه‌نجه‌دان و مامه‌ڵه‌ی نامرۆیی له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێك پێچه‌وانه‌ی یاسا و ڕێنماییەكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه، ئه‌شكه‌نجه وه‌ك تاوان هه‌ژمار ده‌كرێت و بكه‌رانی سزا ده‌درێن. بۆیه ده‌بێت لێژنه‌ی پزشیكیی تایبه‌تمه‌ند پشكنین بۆ به‌شدار بازیانی بكات و له حاڵه‌تێك ئەگەر دەربكەوێت ئەشكەنجە دراوە و لێژنه‌ی پشكینن پستڕاستی بكاته‌وه، ئەوا به‌پێی یاسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه ده‌كرێ كە ئه‌شكه‌نجه‌یان داوه.
لە كۆتاییشدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئەوان وەك دەستە ”ئەسڵەن نازانین شوێنی دەستگیركردنی بەشدار بازیانی كوێ‌یە؟ نووسینگەی سلێمانیمان راسپاردووە تاوەكوو بەدواداچوون بكات.
ئەمە لە كاتێكدا كە تا ئێستا هیچ یەكێك لەو بەناو سەنتەر و ڕێكخراوانەی كە بانگەشەی داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنووسان دەكەن، هەڵوێستیان بەرامبەر بە گرتنی بەشدار بازیانی نییە و داكۆكییان لێ نەكردووە.