لێدوانی شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی ناردنی مووچە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی

د. شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق روونکردنەوەیەکی لەسەر ناردنی مووچە بەتایبەتی پێش جەژنی قوربان بڵاو کردەوە.
د. شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: “ئەمڕۆ بەرێز موسەننا ئەمین پێش چونیان بۆ لای سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگاداری کردم کە ئەوان بەنیازن بچن بۆ لای سەرۆکوەزیرانی عێراق و گوتی: “دەزانم ئێوە هەوڵتان داوە دەمەوێت بزانم چیتان کردووە”، منیش پوختەی دوایین کۆبوونەوەی خۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران پێش دوو رۆژ بۆ باسکرد کە سەرۆک وەزیرانی عیراق دوای فشارەکانی ئێمە گوتی با بڕیارێک لە دادگای ئیتحادییەوە بێت بۆ ئەوەی بتوانم مووچە خەرج بکەم، باڵام تا ئێستا هەشت ئەندامیان بەردەستە و نەبوونەتە 9 دادوەر بۆ ئەوەی دانیشن و بڕیارێکی وەلائی بدەن بۆ سەرف کردنی مووچە گوتی ئەو بریارە بدرێت زۆر باشە.
دەشڵێت: ئەمڕۆ پڕ بەدڵ حەزم دەکرد لە کۆنگرەکەی برادەرانی یەکگرتوو گوێم لەوە بوایا کە ئەوان رەزامەندی سەرۆکوەزیرانیان وەرگرتووە پێش جەژن مووچە خەرج بکرێت، بەڵام نەکر ، ئەوەش واردە، چونکە ئەگەر سودانی بیەوێت هێزێک رازی بکات ئەوە بەهەموو پێوەرێک لەسەر داوای پارتی و پێش هەموو لایەک بریاردەدات مووچە خەرج بکرێت، چونکە ئەویش لە زمانی ژمارەو پێگەی هێزە سیاسییەکان دەزانێت و ئەوەش دەزانیت هەڵبژاردن و سەرلەنوێ خۆکاندیدکردنەوەی لە پێشە و پارتیش هێزی یەکلاکەرەوە دەبێت لەو بارەوە.
ئاماژەشی بەوە داوە: بۆیە لێرەوە دەمەوێت روونکردنەوەیەک بدەم لەسەر ناردنی مووچە بەتایبەتی پێش جەژن، هەڵبەتە هیچ کات نەمانویستووە هەوڵەکان و کۆبوونەوەکانمان باس بکەین و ب ەخەڵکی خۆمانی بفرۆشینەوە، چونکە بە ئەرکی خۆمان زانیوە، بەڵام بۆ ئاگاداری هەموو لایەک کاتێک مووچەی مانگی چوار دواکەوت رۆژی 6ی مانگی ئایار کۆبوونەوەیەک رێکخرا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە ئامادەبونی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی و کاک دکتۆر فوئاد و بەندە و کاک بەنگین، دوای دوو کاتژمێر بڕیاردرا لە ماوەی دوو رۆژ مووچەی مانگی چوار بنێرن و مووچە رەوانە کرا.
ئەوەشی خستووەتە روو: بۆ ئەم مانگەش دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق دەستمان بە گفتوگۆ کرد لەگەڵ سەرۆکوەزیران چەندین پەیوەندیمان ئەنجامدا دواجار رۆژی یەکشەمە واتە پێش دوو رۆژ کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا زیاد لە دوو کاتژمێری خایاند سەرۆکوەزیران و کاک دکتۆر فوئاد و بەندەو کاک بەنگینیش ئامادەبوون بۆ باسکردن لە تەواوی وردەکارییەکان و گرفتی تەکنیکی و دارایی و هۆکاری نەناردنی مووچە، کۆبوونەوەیەکی راشکاوانە بوو، وە پەیامی سەرۆک بارزانیمان گەیاند کە ناکرێت لەژێر هەر پاساوێک مووچەی خەڵک ببڕدرێت و بە تایبەتی ئێمە لەبەردەم جەژنین، تەنانەت من گوتم خەڵک تاوانی ئەنجام داوە کەچی سەرۆک وڵاتان لەجەژندا لێبوردنی گشتی دەردەکەن کەچی وەزارەتی دارایی مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە، وە ئەم بابەتە کاردانەوەی خراپی دەبێت لە کوردستان، یەکێک لە بیانووەکان کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ بوو، گوتم ئەویش هۆکارەکەی بەغدایە بەهۆی ئەو بازگە و سەرانە وەرگرتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دانراوە بازرگانەکان کاڵاکانیان دەبەن لە دەروازەکانی ژێر دەسەلاتی حکوومەتی ئیتحادی داخلی ناوەڕاست و باشوور دەکەن و بەهۆیەوە داهاتی خاڵە سنورییەکان 100 ملیار دینار مانگانە کەمی کردووە و بەهۆی کەمی جوڵەی بازگارنیش باج و رسوماتیش دابەزیوە، لە مەلەفی نەوتیش گوتم بەرێز سودانی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی نەوت هەڵگرن بادەست بەهەناردە بکرێتەوە ئەو کات ئەو بابەتە دادەخرێت و ئیتر لەلایەن حکوومەتی ئیتحادی هەناردە دەکرێت و ئیستهلاکی ناوخۆی هەرێمیش دابین دەکرێت و ئێستا لە قۆناغی کۆتایین، دوای ئەم گفتوگۆیانە گوتی باشە با دادگا بێیارێک بدات فەرمانێکی ولائی لەسەر سکاڵایەک دەربکات منیش مووچە خەرج دەکەم، منیش دڵنیام کردەوە گوتم هەرچیتان کردووە پێش جەژن مووچە خەرج بکەن، چونکە تاوانە خەڵک ئەم جەژنە موچە وەرنەگرّت و پێداگیریمان لەسەر داوای سەرۆک بارزانی بۆ خەرجکردنی کردنی مووچە پێش جەژن کردووە، دوای کۆبونوەوەکە راستەوخۆ سکاڵا تۆمار کراو کەوتینە بەردەم گرفتی تەواوکردنی نیسابی دادگای ئیتحادی بۆ دانیشتن و دەرکردنی فەرمانێکی ولائی بۆ خەرجکردنی مووچە، چونکە سەرۆک و چوار دادوەری دادگای ئیتحادی لە گەشتی حەجن ئەوەی ماوەتەوە چوار دادوەر و چواری یەدەگیش هەیە، بەڵام هێشتا ناتوانن دانیشتن ئەنجام بدەن، داوامانکرد ئیفترازی بێت لەبەر جەژن و تا ئەمرۆش بەردەوام ئەو داوایەمان کردووە، بەڵام رەزامەندی نەهاتووە، ئەوەش هۆکار بوو کە وەزیرەکانی ئێمە بەشداری دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران نەکەن، چونکە بڕینی مووچە پێش جەژن ناحەقییەکی گەورەیە دەرهەق بەخەڵکی کوردستان دەکرێت، هەوڵەکانمان ئەم جارە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاراستەی چارەسەری یەکجاری ئەم کێشەیە ئەگینا ئەنجامەکەی باش نابێت.
د. شاخەوان عەبدوڵلا راشی گەیاندووە: لەکۆتاییدا داوایەک لە فراکسیونی یەکگرتوو دەکەم لە روانگەی بەرپابوونی عەدالەت لەم یەک دوو رۆژە دیدارێک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرێز کاک مەسرور بارزانی ئەنجام بدەن، لەلایەک بۆ گواستنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ هەرێم و لەلایەکی تریش گوێ لە وەڵامەکانی ئەوانیش بگرن و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بە ئەمانەتەوە چۆن هیچ خاڵێکی ئەولاتان بیرنەچوو، وەڵام و معانات و داتاکانی هەرێمیش بخەنە روو.