
بە بڕیاری جەنابی سەرۆک بارزانی نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول دروست کرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025، لە دەڤەری باڵەکایەتی، بە ئامادەبوونی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی مەڕاسیمی کردنەوەی نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول بەڕێوەچوو، کە لەسەر بڕیاری ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی لەلایەن ڕێکخراوی نەوەکانی ئەیلوول دروستکراوەتەوە.
لە مەڕاسیمەکەدا هەریەکە لە بەڕێزان قادر قادر عەلی بەرپرسی دەزگای ئەیلوول و بەرپرسانی لقی 10و 26ی گوڵانی پارتی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرس و ستافی ڕێکخراوی نەوەکانی ئەیلوول و ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی شۆرشی ئەیلوول و بەرپرسانی حزبی و حکومی و هاووڵاتیانی دەڤەرەکە ئامادەبوون.
نانەواخانەی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لەسەر ڕاسپاردەی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر، بۆ خزمەتی پێشمەرگەکانی شۆرش دروستکراوە و هەزاران پێشمەرگە و ڕێبوار لەو نانەواخانەیە نانیان بۆ دابین دەکرا.