کۆمپانیاکانی دیلیڤەری پابەندی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ نەبن سزا دەدرێن

دەبێت کۆمپانیاکانی گەیاندن (دلیڤەری) پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بن، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوایان لەگەڵدا دەکرێت و تووشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبن.

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند،” بە سەرپەرشتیی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتەکە، بە ئامادەبوونی ئارام بورهان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەولێر و نوێنەری کۆمپانیاکانی گەیاندن(دیلیڤەری) بە مەبەستی بەدواداچوونی پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە یاسا و ڕێنماییەکان و بەدواداچوونی ڕێکخستنەوەی کارەکانیان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیاکانی گەیاندن دوایین ئاماری ڕێکخستنەوەی کارەکانیان و ئاستی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانیان خستەڕوو کە بە نوسراوی ژمارە (5706) لە ڕێکەوتی 13-2-2025 لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆیان ڕەوانە کراوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ” بەڕێوەبەری گشتی دیوان جەختی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییەکانی کردەوە و هاوکات ئەوەشی ڕاگەیاند، لەمەو دوا هەر کۆمپانیایەک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و تووشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبێتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ روونیشی کردەوە، جێگای خۆشحاڵییە کە بەشی هەرەزۆری ماتۆڕەکانی گواستنەوەی خواردن، تۆمار کراون و شوفێرەکانیان بوونەتە خاوەنی مۆڵەتی شوفێری و پابەندی یاسا و رێساکانن، ئەوانەشی کە پابەند نین، فەرمان کرا کە پۆلیسی هاتوچۆ رێوشوێنی یاساییان لە بەرانبەر بگرێتە بەر .

Back to top button