بۆچی وه‌زیری به‌رگری عێراق دوور خرایه‌وه‌

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بەدەنگی 142 پەرلەمانتار متمانەی لەخالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق سەندەوە، له‌ناوه‌نده‌ میدیاییه‌كانی عێراقی و كوردستانی لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ كرا. به‌شێك له‌ چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌، رۆڵ و كاریگه‌ری ئه‌م پیاوه‌ له‌ رێكخستنی نێو هێزه‌ سه‌ربازیه‌كان و ده‌زگا پۆلیسیه‌كان، یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ له‌ پێشه‌كانی ئه‌م دوورخستنه‌وه‌یه‌.

نیاز حاجی نووسه‌ر و چاودێری سیاسی ده‌ڵێت: “ئێران لە کەسایەتی و کاریگەری وەزیری بەرگری خالد العبیدی ترسی هەیە، بە نزیک و گوێڕایەڵی ئەمریکیەکانی دەزانێ. دوای ئەوەی توانی رومادی و فەلوجە رزگار بکات، ئێران ترسی لەوە هەیە ناوبراو بتوانێ موسڵیش ئازاد بکات”.

ئه‌م چاودێره‌ سیاسیه‌ پێیوایه‌، ئێران هه‌ستی به‌مه‌ترسی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ كردووه‌ و له‌ نووسینه‌كه‌یدا هاتووه‌: “دوای ئەو سەرکەوتنانە خالد العبیدی دەبێتە کەسی یەکەمی ناو گۆڕەپانی سوننەکان، ئەگەر هەیە کۆنە ئەفسەرانی سوپای عێراق جارێکی تر لە سوپایەکی نوێی سونەکان کۆبکاتەوە، کە ئەگەری کودەتای سوننەکان بەسەر حکومەتی عێراق بەهێز دەکات، بۆیە بە هەر شێوەیەک بێ ئێران هەوڵی دورخستنەوە و کۆتایی پێهێنانی خالد العبیدی لە ئەولەویاتی کارەکانیدایە”.

خالد عبێدی دوای دوورخستنه‌وه‌ی له پۆسته‌كه‌ی رایگه‌یاند: “دواجار ئەوانە سەركەوتن كە عێراقیان بەم رۆژە گەیاند، دیارە ئەربابەكانی گەندەڵی بەهێزترن‌و دەنگیان بەرزترو كرداریان باشتر جێبەجێدەكرێت”.

Back to top button