بێرنارد هێنری- لێڤی باسى گفتوگۆی خۆی و بارزانی ده‌كات له‌م رۆژه‌ی كه‌ ریفراندۆم سه‌ركه‌وت

بێرنارد هێنری- لێڤی، دواى ته‌واوی بوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ریفراندۆم، له‌ 25ی ئه‌یلوول، له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌ و چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌ كردووه‌، پوخته‌ی قسه‌كانیشی له‌ نووسینێكدا، به‌ ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی له‌ میدیا جیهانییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م نووسینه‌ی له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات و سه‌رۆك بارزانی و عه‌بادی له‌ پاریس كۆده‌كاته‌وه‌، بێرنارد هێنری- لێڤی، ئاشكرایی كردووه‌، كه‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا، ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و عه‌بادی بانگهێشتی فه‌ڕه‌نسا بكات و بۆ دانوستان و گفتوگۆ نێوه‌ندگیریان بكات، له‌و باره‌یه‌وه‌ش بارزانی، ئاماده‌یی خۆی بۆ ئه‌وه‌ نیشانداوه‌ و رایگه‌یاندووه‌، هیچ كاتێك گفتوگۆ و دانوستان ره‌ت ناكاته‌وه‌ و هیواداره‌ عه‌بادیش بانگهێشتنامه‌كه‌ قه‌بووڵ بكات.

 

دوای ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان ته‌واو بووه‌، سه‌رۆكى هه‌رێم (مه‌سعوود بارزانى) چیڕۆكی سه‌ركرده‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسی گێڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ بێرنارد هێنری- لێڤی، كاتێك سوپای فه‌ڕه‌نسا له‌ ساڵی 1918، به‌سه‌ر ئه‌ڵمانیادا سه‌ركه‌وت، سه‌ركرده‌كه‌ گوتوویه‌تی ئێستا ئه‌گه‌ر بشمرم ئاساییه‌، بارزانی له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌دا گوتوویه‌تی: “ئێستا منیش هه‌مان هه‌ستم هه‌یه‌”.

هێنری- لێڤی قسه‌كانی سه‌رۆكى هه‌رێم  مه‌سعوود بارزانى وه‌كو خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ پێی گوتووه‌: “نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ ده‌جه‌نگم، له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌م بوومه‌ له‌ كاتی كۆمه‌ڵكوژی، راگواستنی زۆره‌ملێ و ته‌نانه‌ت كیمیاییبارانكردنیشدا، به‌بیرمه‌ چه‌ند جارێك گوتوومانه‌ كۆتاییمان پێهات، له‌ناوچووین و ته‌واو بووین”.

سه‌رۆكى هه‌رێم مه‌سعوود بارزانى هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: “به‌ درێژایی ئه‌و ده‌یانه‌ ساڵه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشان و كه‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه‌، هه‌رگیز پێشبینی ئه‌وه‌م نه‌ده‌كرد له‌ ژیانمدا رۆژێكی وه‌كو ئێستا ببینم، له‌ كۆتاییدا به‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتی و ئاشتییانه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆمان ده‌ده‌ین، گه‌له‌كه‌م رای خۆی ده‌ربڕێت و پیشانی جیهانی ده‌دات، كه‌ شایسته‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی و دیموكرات بێت. ئێستا رۆژه‌كه‌ هات، كه‌ خۆشترین رۆژی ژیانمه‌. ئه‌و ساته‌یه‌ كه‌ به‌ قه‌د هه‌موو ژیانم خه‌ونم پێوه‌ بینیوه‌ و خه‌باتم بۆی كردووه‌”.

هێنری- لێڤی باس له‌و به‌دیله‌ی ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه‌، كه‌ پێنج رۆژ به‌ر له‌ ده‌نگدان خستبوویه‌ به‌رده‌ست سه‌رۆكى هه‌رێم و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خساوه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ببینێت.

له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌ دیله‌كه‌ دنیایه‌ك مه‌دح و په‌سنی بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى تێدابوو، له‌گه‌ڵ هاوكارییه‌كی باشی ماددی، له‌گه‌ڵ گه‌ره‌نتی ئه‌مه‌ریكا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكى هه‌رێم خه‌ونه‌كه‌ی خۆی دوا بخات، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ ئاست گه‌وره‌یی خه‌ونی بارزانیدا نه‌بوو، كه‌ نه‌ك هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی خۆیه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بوو‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كانم بخوێنیته‌وه‌، به‌رده‌وامی به‌قسه‌كانیدا.

مه‌سعوود بارزانى پێی گوتووه‌: “سه‌رقاڵبوونم له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، به‌هۆی ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گوشارییان بۆ ده‌هێنام، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ واده‌ی دیاریكراوی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، پاشگه‌ز ببمه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بوایه‌ ته‌ماشای ناو چاوی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌م كه‌ راسته‌وخۆ منی هه‌ڵبژاردووه‌، من ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌ قسه‌ ناكه‌م كه‌ ده‌ژین، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ گیانی خۆیان پێشكه‌ش به‌ دۆزی ره‌وای كورد كردووه‌”.

مه‌سعوود بارزانى، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ نه‌یویستووه‌ شه‌رمه‌زاری میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بێت و گوتوویه‌تی: “له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری پشتیوانیكردنی ریفراندۆم له‌ یاریگای فرانسۆ هه‌ریری، یه‌ك خه‌مم هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو خۆم شه‌رمه‌زاری ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌كه‌م و بتوانم به‌رامبه‌رییان بوه‌ستم”.

Back to top button