برایهكی نێچیرڤان بارزانی چهندین نهێنی لهبارهی ئهم دۆخهی ئێستا ئاشكرا دهكات
برایهكی نێچیرڤان بارزانی لهبارهی ئهو دۆخهی ئێستادا لهوتارێكدا چهند نهێنیهك ئاشكرا دهكات و رایدهگهێنێت” کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر باش لە گرینگیی ڕۆڵی کوردستان تێدەگەن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا چەندجارێک دڵنیاییان داوە کە پشتیان لە کورد نەکردووە، بەردەوامیش لەسەر خەت بوونە بۆ ئەوەی ڕێگە لە شەڕ بگیرێت و هەولێر و بەغدا لەسەر مێزی دانوستان کۆببنەوە. هەروەها ئەمەریکا بە ئاشکرا بە عێراقی ڕاگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکێشە لەسەرەکان بە هێزی سەربازی، ناسنامەی ئەو ناوچانە ناگۆڕێت و پێویستە بە پێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە بکرێت.
لهبارهی نهێنی سڕ كردنی ئهنجامی ریفراندۆم رهوان ئیدریس بارزانی، برای نێچیرڤان بارزانی دهشنووسێـ”پێشنیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ سڕ کردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، لەلایەن زۆربەی ئەو دەوڵەتانەوە پێشوازی لێ کراوە و هانی بەغدایان داوە ئەو پێشنیارە قبوڵ بکات و دەست بکرێت بە گفتوگۆ. هیوادارین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. ڕەنگە کۆتایینەهاتنی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش و هەوڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی نفوزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، هۆکارێک بن بۆ ئەوەی دەوڵەتان پشتیوانیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان نەکرد و لەگەڵ مانەوی سیادەی دەوڵەتی عێراق بوون، بەڵام دڵنیا بن ئەم دۆخە دەگۆڕێت.
دهقی بابهتهكهی رهوان ئیدریس بارزانی…..
ئیرادەمان ناشکێت
ڕەوان ئیدریس بارزانی
ئێستا کە گەل و وڵاتەکەمان بە دۆخێکی ناخۆشدا تێدەپەڕێت، پرسیاری بەشێکی زۆری ئازیزان ئەوەیە، بۆ وامان بەسەر هات و ئایندەمان چۆن دەبێت؟
پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە لای هەموومان ڕوون بێت کە ئەم دۆخەی کاردانەوەیەکی کتوپڕی دەسەڵاتدارانی بەغدا، بە پشتیوانیی دراوسێکانمان نییە. بەڵکوو چەند ساڵێکە دەسەڵاتدارانی بەغدا پشتیان کردۆتە شەراکەت تەوافوق و دەستووریان پێشێل کردووە و دەستیان کردووە بە ئازاردانی گەلەکەمان تا گەیاندیانە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و ئامانجیشیان ئەوە بوو دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئەم دۆخەی ئێستا بخوڵقێنن. ڕەنگە بپرسن، ئەگەر وایە بۆچی هەرێمی کوردستان هیچ ئامادەکارییەکی نەکرد بۆ ئەوەی ڕێگە لەم دۆخە بگرێت؟
ئەگەر ئێوەی بەڕێز سەیرێکی وتار و پەیامەکانی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی بکەن لەکۆبوونەوە جەماوەرییەکانی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، دەبینن چەندینجار بەڕێزیان تەئکید دەکاتەوە کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هیچ باوەڕیان بە شەراکەت و فیدڕاڵی نەماوە و ئەوان ئێمەیان تەنها وەک نەتەوەی ژێر دەست دەوێت و ئێمەش ژێردەستی قبوڵ ناکەین. بەڕێزیان هەروەها تەئکیدی دەکردەوە کە ئەوان دەیانەوێ لە دوای شەڕی داعش پەلاماری کوردستان بدەن و بمانگەڕێننەوە بۆ هێڵی سەوز کە لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ٢٠٠٣، خەتی تەماسی پێشمەرگە و سوپای بەعس بووە. سەرۆک بارزانی پێشتریش لە کۆبوونەوە فەرمییەکانیشیدا ئەوەی بە ڕوونی بە لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم شاندە دیپلۆماتییەکان گوتووە و باش نیەتی ئەوانی خوێندبۆوە، هەربۆیە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کارێکی زۆر پێویست بوو تا لەو دۆخەدا کە دەرفەت و توانامان هەیە دەنگی ڕەوای گەلی کوردستان لە سەرجەم هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمیش بگاتە ویژدانی دنیای ئازاد و وەک بەڵگەنامەیەکی زیندوو لەبەر دەستیان بێت و بزانن گەلی ئێمە سەربەخۆیی دەوێت.
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی دۆخەکە بەمشێوەیە گۆڕا، دەبێ بەڕاشکاوی بڵێم کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان حیسابی هەموو پێشهاتەکانی کردبوو جگە لەو ناپاکییەی لەناوخۆدا کرا و ڕێگەی بۆ هێزەکانی عێراق خۆش کرد بەئاسانی بگەنە ناو کەرکووک و پشت لە هێزی پێشمەرگە بگرن. لەبەر ئەوەی بە ڕوونییش دیار بوو کە پیلانێک لە ئارادایە بۆ نەهێشتنی یەکڕیزیی گەلەکەمان و پارچەکردنی کوردستان و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، قوربانیمان دا و ڕێگە نەدرا ئەو مەرامەی دوژمنان بێتەدی. پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە سەنگەری بەرگرییدان و لە داستانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەلماندیان کە ئیرادەی ئازادیخوازی و وڵاتپارێزیمان بەسەر گەلەکۆمەکی و چەکی پێشکەوتووی داگیرکەردا سەردەکەوێت.
ئێستاش کە ئەو گەلەکۆمەکییەی دەوڵەتانی دراوسێ لەسەر کوردستان هەیە، ئێوەی ئازیز نیگەرانن لەوەی کە بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشیی لە کوردستان ناکات و ئایا لەبیریان چووە کە لە شەڕی دژی داعش ئێمەیان بە پارێزەری ئازادی دەناساند؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر باش لە گرینگیی ڕۆڵی کوردستان تێدەگەن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا چەندجارێک دڵنیاییان داوە کە پشتیان لە کورد نەکردووە، بەردەوامیش لەسەر خەت بوونە بۆ ئەوەی ڕێگە لە شەڕ بگیرێت و هەولێر و بەغدا لەسەر مێزی دانوستان کۆببنەوە. هەروەها ئەمەریکا بە ئاشکرا بە عێراقی ڕاگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکێشە لەسەرەکان بە هێزی سەربازی، ناسنامەی ئەو ناوچانە ناگۆڕێت و پێویستە بە پێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە بکرێت.
پێشنیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ سڕ کردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، لەلایەن زۆربەی ئەو دەوڵەتانەوە پێشوازی لێ کراوە و هانی بەغدایان داوە ئەو پێشنیارە قبوڵ بکات و دەست بکرێت بە گفتوگۆ. هیوادارین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. ڕەنگە کۆتایینەهاتنی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش و هەوڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی نفوزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، هۆکارێک بن بۆ ئەوەی دەوڵەتان پشتیوانیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان نەکرد و لەگەڵ مانەوی سیادەی دەوڵەتی عێراق بوون، بەڵام دڵنیا بن ئەم دۆخە دەگۆڕێت.
هاووڵاتییانی سەربەرزی کوردستان:
دەزانین ڕۆژانێکی سەختتان بەڕێ کردووە. ئەم خۆڕاگرییەتان مایەی شانازیی ئێمەی پێشمەرگەیە. ئێمەی پێشمەرگەی کوردستان بە ورەی پۆڵایینەوە خاک و کەرامەتی گەلەکەمان دەپارێزین. گەلەکەمان مێژوویەکی درێژی لەگەڵ قوربانیدان و کارەساتی ناخۆشدا هەیە و لەژێر هیچ گوشارێکدا ئیرادەی نەشکاوە و لە بەرانبەر زوڵم و داگیرکاریدا چۆکی دانەداوە. دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەم دۆخەی ئێستاش کاتییە و کوردستان بە سەربەرزییەوە ئەم ناخۆشییە تێدەپەڕێنێت.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان و کەسوکاری سەربەرزیان
سڵاو لە پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی کوردستان