سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بەغدا توشی شۆك دەكات
دوای سەردانەكەی سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ وڵاتی فەرەنساو پێشوازی كرانی لە لایەن ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئەلیزێ, سەردانەكە كاردانەوەی گەورەی میدیایی لە سەر ئاستی ناوخۆو عێراقی لێكەوتەوە بە جۆرێك پەرلەمانتارێكی عێراق دەلێت:” سەرمان سوڕماوە لە پێشوازی فەرەنسا لە سەرۆك وەیزرانی هەرێمی كوردستان.
جاسم محەمەد جەعفەر پەرلەمانتاری عیراق بە (سۆمەریە نیوز)ی راگەیاندوە، سەرمان سوڕماوە لەپێشوازیكردنی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە پێشوازیكردنەكە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، داواشدەكات حكومەتی فەرەنسا ئاگادار بكرێتەوە لە نیگەرانییەكانی بەغدا.
جاسم جەعفەر وتوشیەتی: پێشوازیكردنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا لەلایەن حكومەتی فەرەنساوە جێی سەرسوڕمان بوە، چونكە نێچیرڤان بارزانی كەسایەتییەكی دیاری عیراقییە پێویستە لەچوارچێوەی رێوشوێنە نێودەوڵەتییەكان و بەپێی یاساكان لەنێوان دوو دەوڵەتدا ئەو پێشوازییە بكرێت، هەروەها پێویستیش بوو سەردانەكە لەڕێگەی حكومەتی فیدرالی و وەزارەتی دەرەوەی عیراقەوە بوایە، چونكە بارزانی لەڕێگەی وشكانییەوە سەردانی توركیای كردوەو لەوێشەوە چۆتە پاریس كە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانەو نەدەبوو فەرەنسا سەرپێچی بكردایە.
شایەنی گوتنە, ئەمڕۆ 12-2 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و شاندی یاوەری، لە كۆشكی ئەلیزێ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەلایەن ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساوە پێشوازی لێكرا.