حه‌كیم و سه‌درله‌ هه‌وڵدان كه‌سێكی دیكه‌ بكرێته‌ سه‌رۆككوه‌زیرانی عێراق

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ (عه‌مار حه‌كیم) سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق جیابووه‌و لیستی سائیروون كه‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان پاش هه‌ڵبژاردن كه‌سێكی دیكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبی ده‌عوه‌ بكرێته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق .

حزبی ده‌عوه‌ بێ ئومێد بووه‌ له‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و دواتر نوری مالیكی كه‌ بووه‌ هۆی وێرانكردنی 6 پارێزگای عێراق و ئاواره‌بوونی 5 ملیۆن كه‌س و له‌ دایكبوونی 70 میلیشیای چه‌كداری مه‌زهه‌بی شیعی و اشان عه‌بادی كه‌ نه‌یتوانیوه‌ هیچ كارێك له‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیدا بكات، پێناچێت عه‌بادی بۆ خولی دووه‌م ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆككوه‌زیرانی عێراق .

رۆژنامه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بی چاپی له‌نده‌ن، نوسیویه‌تی “حه‌كیم و سه‌در رۆڵی گرنگیان له‌ ده‌ستنیشانكردنی كه‌سایه‌تییه‌ك بۆپۆستی سه‌رۆككوه‌زیرانی عێراق ده‌بێت و جارێكی دیكه‌ حزبی ده‌عوه‌ ناتوانێت پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌.

وه‌زیرێكی عێراقی به‌ رۆژنامه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بی چاپی له‌نده‌نی ڕاگه‌یاندووه‌ : “سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتووی عێراق له‌ حزبی ده‌عوه‌ نابێت، گه‌ل توڕه‌یه‌ له‌و حزبه‌، ئه‌وان شكستی گه‌وره‌یان له‌ دۆسێی ئه‌منی و ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی تۆمار كردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش عه‌ره‌بی سوننه‌ش كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ئه‌و حزبه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه”‌.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: “شكستی عه‌بادی له‌ چه‌ند دۆسێیه‌كی وه‌ك لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا، سه‌در و حه‌كیمی توڕه‌ كردووه‌. عه‌بادی هه‌ر قسه‌ ده‌كات و ئاماژه‌ ده‌دات بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك بكات كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ گلاوون. هه‌ر بۆیه‌ سه‌در ژماره‌یه‌ك كاندیدی بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ناو لیسته‌كه‌یدا داناوه‌، ئه‌وه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوی له‌و پۆسته‌یه‌، به‌ڵكو زیاتر به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌بادی به‌هۆكارێكی ناڕوون و نادیار هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ نه‌به‌ستوون”.

كه‌متر له‌ چوار هه‌فته‌ی ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و ململانێكانی نێوان پارت و لایه‌ن و لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌كان كه‌ ئێستا حوكمڕانن بۆ قۆناغی نوێ به‌ روونی ده‌ركه‌وتووه‌ و پێناچێت رێگه‌ به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستا و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر بدرێت ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكوه‌‌‌زیرانی عێراق.

Back to top button