كاندیدی پارتی سكاڵایی یاسایی له‌سه‌ر محمود ره‌زا تۆمار كرد

د.محه‌مه‌د شاكر كاندیدی ژماره‌ 13ی پارتی بۆ په‌رله‌مانی عێراق له‌به‌رامبه‌ر تۆمه‌تباركردنی پێشمه‌رگه‌ به‌ ئه‌نفاڵكردن، داوایی یاسایی له‌سه‌ر محموود ره‌زا ئامۆزایی نه‌وشێروان مسته‌فا و ئه‌ندام په‌رله‌مانی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق تۆمار كرد له‌ راگه‌یاندراوێكیش رایگه‌یاند”لەسەر تۆمەتبارکردنی پێشمەرگە بە ئەنجامدانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی ، تۆمەتبارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هێنانی داعش و شاردنەوەی بەرپرسانی بەعس، وەک هاونیشتمانییەکی کوردستان، وەکو کورە شەهیدێک، وەک کەسوکاری پێشمەرگە، وەک کاندیدی ژمارەی 13 ی لیستی 184 ی پارتی لە هەولێر، لە دادگا بەپێی ماددە 433 ی قانوونی عقوباتی عێراق سکاڵام لەسەر مەحموود رەزا ئەمین، پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق و، کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمارکرد.

هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی ئه‌و كاندیده‌ی پارتی هاتووه‌”ئێمە لە خوێنی نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە و زیاتر لە 10 هەزار بریندار، لە فرمێسکی دایکی شەهیدان، لە قوربانییان و شەهیدانی مەدەنی دەستی داعش، لە شکاندنی شکۆ و هەیبەتی خەڵکی سەربەز و بەشەرەفی کوردستان، لە خوێنی 182 هەزار کوردی ئەنفالکراو و کیمیابارانکراو، لە خوێنی 10 هەزار بارزانی زیندەبەچاڵکراو، لە خاپوورکردنی 4 هەزار گوند و چەوساندنەوەی چوار ملیۆن کورد خۆشنابین.

 

 

دەقی راگەیێندراوەکەی د. محەممەد شاکر

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

لەسەر تۆمەتبارکردنی پێشمەرگە بە ئەنجامدانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی ، تۆمەتبارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هێنانی داعش و شاردنەوەی بەرپرسانی بەعس، وەک هاونیشتمانییەکی کوردستان، وەکو کورە شەهیدێک، وەک کەسوکاری پێشمەرگە، وەک کاندیدی ژمارەی 13 ی لیستی 184 ی پارتی لە هەولێر، لە دادگا بەپێی ماددە 433 ی قانوونی عقوباتی عێراق سکاڵام لەسەر مەحموود رەزا ئەمین، پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق و، کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمارکرد.

ئێمە لە خوێنی نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە و زیاتر لە 10 هەزار بریندار، لە فرمێسکی دایکی شەهیدان، لە قوربانییان و شەهیدانی مەدەنی دەستی داعش، لە شکاندنی شکۆ و هەیبەتی خەڵکی سەربەز و بەشەرەفی کوردستان، لە خوێنی 182 هەزار کوردی ئەنفالکراو و کیمیابارانکراو، لە خوێنی 10 هەزار بارزانی زیندەبەچاڵکراو، لە خاپوورکردنی 4 هەزار گوند و چەوساندنەوەی چوار ملیۆن کورد خۆشنابین.

ئەوان قسەکەی خۆیان بەڵگەیە لەسەریان کە هەر لە سەرەتاوە دەستیان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە گڵاوەکان تێکەڵکردووە، هەر بەوەش ناوەستن لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ، تۆمەت و درۆ و بوختان بۆ پارتی هەڵدەبەستن، پێمان سەیرە چۆن شەرم لە خۆیان ناکەنەوە، تەنانەت موقەدەسترین سیمبولی گەلی کوردستان کە پێشمەرگەیە، لەکەداری دەکەن، بەجۆرێک کە نەیاران و شۆڤێنییەکانیش جورئەتی ئەنجامدانی کارێکی لەمشێوەیان نەکردووە.

جیهان و، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان و، خەڵکی ناوچەکە شاهیدن، ئێستاش داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن. خەڵکی کوردستان شاهیدن کێ بوو بەرامبەر داعش وەستایەوە و ئەفسانەی دووژمنانی تێکشکاند، کێش بوون کە تەنیا بۆ یادگاریش سەردانی بەرەیەکی شەڕیان نەکرد، پێمان سەیرە تەنانەت بە بێبەها سەیری خەبات و خوێن و قوربانیدانی خەباتی ١٠٠ ساڵەی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان دەکەن.

عێراقچییەکان هەڵگری هەمان عەڵقییەتی ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانن، دەیانەوێ فەرهەنگی بەعس و مالیکی و حەنان فەتلاوی بۆ کوردستان بگوازنەوە، هیوادارین شەرم لە خۆیان بکەنەوە و دەرفەتی پێکەوەژیان بهێڵنەوە. ئەگەر راست دەکەن با بەڵگەکانیان لەبەردەم دادوەر و خەڵکی کوردستان ئاشکراکەن. بە هەمووان هەوڵیاندا پارتی و هەولێر لەناوببەن، نەیانتوانی، زۆر پێمان سەیرە چۆن شەرم لە خۆیان ناکەنەوە لە هەولێر لیستیان هەیە، چۆن روویان هەیە تەماشای خەڵکی کوردستان بکەن.

عێراق بە خواستی ئێمە دروست نەبووە، پیرۆزی ئەوانە بێت کە شانازی بە تانکەکانی نەیاران دەکەن بەسەر لاشەی پێشمەرگە پیرۆزەکان و خەڵکی دڵسۆزی کەرکووک و خورماتوو بکەون، لەپێناو ئەوەش بەشداری هەڵبژاردنمان کردووە، تاوەکو سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیێنین، بەغدا بکەینە سەنگەری بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان.

لە 70 ساڵی رابردوودا پارتی بە ئەزموون سەلماندوویەتی سەرسەختترین بەرگریکار و پارێزەری گەل و خاک و مافەکانی کوردستانە. دڵنیاتان دەکەینەوە هیچ هەوڵ و قوربانییەک بۆ کورد و کوردستان بەفیڕۆ ناچێت، هیچ لایەنێکیان وەکو پارتی شانی نەدایە بەر بەرپرسیارێتی و ئاستەنگەکان، چۆن کوردستانمان لە داعش و قەیرانەکان رزگارکرد، بەمشێوەیەش لە ئایندەدا، دەستکەوتی گەورەتر لە ساڵانی رابردوو مسۆگەر دەکەین، با نەیاران دڵنیابن، دەنگدەرانی پارتی لەوە دڵسۆز و گەورەترن چارەنووس و ئاییندەی خۆیان هەرزانفرۆش بکەن، دڵنیایین حیزبەکەیان لەبیرناکەن و، بە دەنگ رۆحی پێشمەرگە شەهیدەکان ئاسوودە دەکەن، هیچ شتێک ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت، مادام تانکی ئەبرامزی ئەمریکی نەیتوانی.

سڵاو لە کورد و کوردستان
سڵاو لە خوێنی شەهیدان

Back to top button