كارتی بایۆمهتری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاری پێناكرێت
نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان رۆژی ٣٠ی ئەیلولی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دیارکردو کۆمسیۆن چەند هەفتەیەکە دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان کردووە.
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رایدەگەیەنێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كارتی بایۆمەتری بەكارناهێنرێت و بەڵگەنامەکانی تر بەکاردەهێنرێت.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی و پەیوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر رایگەیاند:”بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كارتی بایۆمەتری بەكار نایەت، بەڵكو بەپێی بەڵگەنامەی كەسییەكان دەبێت كە ئەوان لەداهاتوودا و لە هەڵمەتێكی بانگەشە جۆری بەڵگەكان دەخەنەڕوو”.
بەڕێوەبەری گشتی و پەیوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە درێژەی قسەکانیدا ڕاشیگهیاند: “لە ئەمڕۆوە تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان دەستی پێكردووە و تا رۆژی ٧ی حوزەیران دەتوانن تۆماركردن بەردەوامە و ئەوانەی رێگە پێدراون دەتوانن فۆرمەكان پڕبكەنەوە”.
سەبارەت بە جۆری هەڵبژاردنی داهاتوو، شۆڕش حەسەن روونیكردەوە، تائێستا یاساكە وەكو خۆیەتی و كوردستان یەك بازنە و لیستی نیمچە كراوەیە و هەموو رێوشوێنێك بۆ رێگری ساختەكردن گیراوهته بهر.