ئەمڕۆ سندوقە رەشەکەی رۆژهەڵاتی ناوین دەکەینەوە کە کورد لە نێو ئەو سندوقەدا لە کوێدایە؟

راپۆرتی شیكاری: تەنیا کوردی

بابەتێکی هەستیار و گرینگ لە بارەی سندوقە رەشەکەی رۆژهەڵاتی ناوین “بێرنارد لویس”ه‌، کە کۆدێکی گۆڕانکاری رۆژهەڵاتی ناوینە و کۆنگرێسی ئەمەریکا تەواوی نەخشەکانی پەسەند کردوون، لە نەخشەکەدا کورد دەبێ چی لێبێ؟ تورکیا تا کوێ بێ؟ ئێران چی لێ بێ؟ چۆن بووشی باوک و بووشی کوڕ و ئۆباما نەخشەکەیان جێبەجێ کردووە؟ ترامپ چی لێ بەجێگەیاندووە؟ دەچینە باسی نەخشەکە کە کوردی لە زاکیری سێبەری ئەمەریکادا چاندووە و ئێستا دەست بۆ کردنەوەی سندوقە رەشەکە دەبەین له‌م راپۆرته‌”.

بێرنارد لویس یەکێک لەو بیرمەندە بەریتانییە ئەمەریکاییەیە کە بەرەچەڵەک جوە، وەک گەورەترین زانای بیانی پێوەست بە رۆژهەڵاتی ناوین لە جیهاندا سەیردەکرێ کە نەخشەکانی بۆ هەیکەلی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین داڕشتوون و بەگوێرەی نەخشەی ئەو، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین دابەش دەکرێن، لە ئێستادا بەشێکی گرینگی نەخشەکە جێبەجێکراوە و بەشەکەی دیکەی لە ژێر جێبەجێکردندایە کە لێرەوە نەخشەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەخەمە ڕوو.

نەخشەی بێرنارد لویس

یەکەم: عێراق، بۆ سێ دەوڵەت، کورد و سوونە و شیعە.

دووەم: ئیران، ناوچەی کوردی بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ئێران ببێتە چوار دەوڵەت، عەرەبستان، ئازەرباجیان، تورکمانستان، ئیرانستان.

سێیەم: سووریا ناوچەی کوردییەکەی بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی کوردستان، ناوچەکانی دیکە ببێتە سێ دەوڵەت، درزیە، عەلویە، سونیە، لەگەڵ ئەوەی کە بەشێکی باکووری رێگە بدرێ کە تورکیا دەستی بەسەر دابگرێ.

تەواوی وڵاتانی دیکە لە نەخشەکەدا هەن کە ١٣ نەخشەی چڕن و زیاتر لە ٣٠ کتێبی نووسیوە و بە چەندین راسپاردە نەخشەکانی بە وردی داڕشتوون کە پێوەست بە رۆژهەڵاتی ناوینن، بەڵام من تەنیا باسی ئەو نەخشیەم کردووە کە پێوەستە بە عێراق و هەروەها تورکیا و سووریا و ئێران.
جێبەجێ کردنی نەخشەی بێرنارد لویس واتە هەڵوەشانەوەی نەخشەی سایکس-پیکۆ لەگەڵ دروستکردنی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ کە خەونی ئەمەریکا و ئیسرائیلە.

فکرەی بێرنارد لویس بۆ عێراق

فکرەی بێرنارد لویس بۆ عێراق بریتییە لەوەی کە دەبێ ئەمەریکا و رۆژئاوا بەچەکێک دەست بەسەر عێراقدا بگرن، کە دیموکراتیەتە، هەروەها لەبەر ئەوەی عێراق لە بەرگێکی قەومی، ئایدۆلۆژی، مەزهەبی، توندڕۆیی دایە، ئیدی دەبێ بەرێگەی نەهێشتنی دەسەڵاتی تاک مەرکەزی لە عێراقدا هەوڵبدرێ سەرەتا فیدراڵیەت بخرێتە چوارچێوەی عێراقەوە، دواتر هەوڵ بۆ کۆنفیدراڵییەکی لاواز بدرێ، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی سێ هەرێمی جوودا، کە بچنە کۆنفیدراڵیەتێکی لاوازەوە، دواتر ئەم هەرێمانە بکرێن بە دەوڵەت، ئەمەی لە نەخشەی لویسدا سەبارەت بە عێراقدا هاتووەتە جێ، رووخانی رژێمی سەدام، ناوهێنانی عێراق بە فیدراڵی، دروستکردنی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستوەردانی تورکیا لە عێراق و هەروەها رێگەخۆشکردن بۆ دەستوەردانی ئێران تا دوایی بەو رێگەوە لاواز بکرێ.

چی بۆ کورد کردووە؟

لە سەردەمی جۆرج دەبیلو بووشدا، نەخشەی بێرنارد سەبارەت بە عێراق خرایە بەردەمی بووش، بێرنارد لە نەخشەکەدا لەگەڵ ئەوەی باسی کوردی لە عێراق کردووە بەڵام بەگوێرەی وردەکاری نەخشەکەی لە جێبەجێ کردندایە، دەبێ پارێزگاری لە کورد بکرێ، کورد دەبێ پێگەی لە عیراقدا لەبەرچاو بگیرێ و پاڵپشتی بکرێن، هەروەها لە دوای لێدانی عێراق دەبێ عێراقێکی فیدراڵی دروست بکرێ، کە کورد رۆڵی تێدا بگێڕێ، دەستوورێک هەبێ کە بە تەواوەتی بوار بە دیموکراتییەتی عێراق بدات. ئەوەی کە بێرنارد پێشنیازی کردووە وەک خۆی بووش جێبەجێی کرد.

-بەر لە بووش، لە ساڵی ١٩٨٣ تا ١٩٨٨ رەیگن وەک سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی رۆژهەڵاتی ناویندا نەخشەی بێرناردی جێبەجێ کرد. بووشی باوک و کلینتۆن و بووشی کوڕ و ئۆباما و تەنانەت ئێستایش دۆناڵد ترامپ نەخشەکی تۆخ کردووەتەوە.
بەگوێرەی نەخشەی بێرنارد لویس بۆ عێراق دەبێ رێگە بدرێ وڵاتانی ناوچەکە دەستوەردان لە عێراق بکەن، بۆ ئەوەی عێراق نەتوانی وەک مەرکەز دسەڵاتی بەسەر سەروەری خۆی هەبێ، دەستوەردانی تورکیا و ئێران لە عێراقدا هەبێ، بۆ ئەوەی بتوانرێ ئامانج بۆ دابەشکردنی عێراق سەرەتا بە شێوەی هەرێم هەبێ، دوایی عێراق ببێتە سێ دەوڵەتی شیعە و سوونە و کورد.

-ئۆباما لە نەخشەی بێرنارد لویسدا، لە بواری جێبەجێکردنی تۆخکردنەوەی دیموکراتییەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا و لێدان لە داعشدا لە خاکی عێراق جێبەجێ کرد، هەروەها رێگەدان بۆ مومارەسەی پێکهاتەکان و زەمینە خۆشکردن بۆ دەستوەردانی ئێران و تورکیای لە عێراق خستە بواری جێبەجێ کردن.
-دۆناڵد ترامپ هەمان شت لەسەر نەخشەی بێرنارد لویسدا دەڕوات، لە نەخشەی بێرناردا لە سووریادا دەبێ تورکیا بێتە باکووری سووریا، ئەوەتا تورکیا تا عەفرین هاتووە و دەیەوێ بێتە نزیک مەنبەج، هەروەها بەگوێرەی نەخشەکە دەبێ سووریا رێگەی بۆ خۆشکبرێ تا بکرێتە سێ دەوڵەتی عەلەوی، درزییە، سوونیە، لە ئێستادا سوونییەکان وەک ئۆپۆزسین بوونیان هەیە، عەلەویش بەگوێرەی نەخشەکە دەبێ شوێنی ئەسەد بگرنەوە و درزییەکانیش دەبێ ئەو گروپە بن کە لە داهاتوو لە سووریا شوێنپێی خۆیان دەکەنەوە.

– لە عێراقدا دۆناڵد ترامپ بە تەواوەتی دەستی ئێرانی کردەوە ئەوەبوو ئێران بە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستاندا رۆیشت تا خۆی لە سووریا بینیەوە، لە هەمان کاتدا بە بیانوی پەکەکە ئێستا دەرگا بۆ تورکیا کراوەتەوە تا بەرەو عێراق بجوڵێ، لێرەوە بێرنارد ئامانجییەتی کە مەزهەبی شیعە و سوونە بکەونە خاڵێکی یەکتڕ بڕ، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا کێشەکان بەرەو دابەشبوونی جیوگرافی بڕۆن.

-لاوازکردنی ئێران و لە کۆتاییدا گۆڕینی رژێم و ناسەقامگیرکردنی ئەو وڵاتەیش دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی لەوێشدا پێکهاتە و نەتەوەکان وەک عێراق هێڵەکانیان دیاری بکرێ ودواتر ئەوانیش بەرەو هەرێم و دابەشبوونی جیوگرافیای خۆیان بڕۆن وەک لویس دەستنیشانی کردووە کە ، ناوچەی کوردی بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ئێران ببێتە چوار دەوڵەت، عەرەبستان، ئازەرباجیان، تورکمانستان، ئیرانستان.

خاڵە گرینگەکانی نەخشەکە بۆ کورد کە بەشێکی لێ جێبەجێ کراون

-بێرنارد لویس لە لوتکەی دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ کوردستان لە تەواوی نەخشەکانی دا کورد دەوڵەتە.
-لویس کاریگەری هەبوو لەسەر بووشی باوک لەوەی کە دەبێ لە عێراق بدرێ و پشتی کورد بگیری بۆ ئەوەی کیانێکی کوردی لە عێراق هەبێ.
-لویس کاریگەری هەبوو بەسەر بووشی کوڕ کە دەبێ لە دوای ئازادکردنی عێراقدا کورد پارێزرا و پشتگیری لێ بکرێ.
-لویس کاریگەری هەبوو لەسەر ئۆباما کە دەبێ لە لێدانی داعشدا وابکرێ کە کورد بپارێزرێ.
-لویس کاریگەری هەبوو لەسەر ترامپ لە ئێستادا کە دەبێ، رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو نەخشەکە بڕوات لەوەی کە خاڵ بە خاڵ جێبەجێ بکرێ و زەمینەیەکی دیکە بۆ دابەشبوونی پێکهاتەکان هەبێ، هەروەها کورد لە عێراقدا بەهێز بکرێ تا بەروەو ئامانجی کۆنفیدرالی هەنگاو دەنێ.
-بێرنارد لە ساڵی ١٩٨٣ کۆنگرێسی ئەمەریکا تەواوی نەخشەکانی پەسەند کردووە و وەک راسپاردە خستوویەتییە بەردەم ئەمەریکا بۆ جێبەجێ کردنی کە لە نەخشەکەدا کورد بوونی هەیە.
-لویس لە سێبەری ئەمەریکاو لۆبی ئەمەریکا و جوودا نەخشەکەی بە گەورەترین دەرچەیەک بۆ گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناویندا دادەنرێ و لە سێبەردا وا سەیری کورد دەکرێ کە بەگوێرەی نەخشەکە دەبێ بەرەو دەوڵەت بڕۆن.

بۆچی ئەم نەخشەیە جێبەجێ بکرێ؟ کێ جێبەجێی دەکات؟ 

جێبەجێکردنی ئەو نەخشەیە لەلایەن سێبەری ئەمەریکا و ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێ، تاڕادەیەکی زۆر رووسیایش هاوبەشە، چونکە دواجار بەهۆی ئەو نەخشەیەوە وا دەکرێ کە لە رۆژهەڵاتی ناویندا دوڵەتی نوێ دروست ببن، ئەم جۆرەدوڵەتانە تاڕادەیەکی زۆر کاریگەریان دەبێ بۆ راگرتنی باڵانسی نوێ بۆ فکری رۆژئاوا و سەرلەنوێ حوکمڕانی ناوچەکە کە لە پۆڵێنێکی ئایدۆلۆژی و ئابووری و جیوگرافیای سیاسی.
لە ئەمەریکادا کەسەکان بەگوێرەی نەخشەی بێرنارد لویس لە مەشق و راهێنانی رۆژهەڵاتی ناوین راهێنراون، لە ئیسرائیلدا لە تەواوی هزری ئیسرائیلدا ئەم نەخشەیە بە وردی بە هەند وەرگیراوە.

بێرنارد لویس کێیە؟

-لە ١٩١٦ لە بەریتانیا لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٢ رەگەزنامەی ئەمەریکایی وەرگرتووە وبە رەچەڵەک جوە.
-وەک مامۆستای رۆژهەڵاتی ناویندا لە سێبەری ئەمەریکا و ئیسرائیل سەیر دەکرێ، وەک گەورەترین زانای بیانی کە تایبەتمەدی لە رۆژهەڵاتی ناوین هەبێ دەناسرێ.

– شارەزاییەکی زۆری لە ئاینەکانی رۆژهەڵاتی ناوین هەیە، لە ئاینی ئیسلام و هەروەها ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەگەڵ تایبەتمەندی لە نەتەوە و پێکهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئێران و سووریا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین.
-وەک هزری سەدەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناویندا سەیردەکرێ، لە جوڵەی ئیسرائیل و ئەمەریکادا لە رۆژهەڵاتی ناویندا نەخشەکانی خراوەنەتە جێبەجێ کردن و قۆناغ بە قۆناغ لە جێبەجێ کردن دان.

-لە ١٩-٥-٢٠١٨ وەفاتی کرد.

سەرنج/ زۆر راسپاردەی وردتری بێرنارد لویس هەن کە لێرە نەم خستنە ڕوو، بەڵکوو باسکردنی دەکرێ لەگەڵ پێشهاتەکاندا بخڕێتە ڕوو، ئەگەرنا راسپاردەکانی بێرنارد لویس لەو نەخشانەی کە باسی کردوون زۆرن و دەکرێ لە داهاتوودا ئەگەر بە پێویست زانرا بیخەینە ڕوو.

Back to top button