خامنه‌یی نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ هه‌موو سه‌ركرده‌ شیعه‌كان ناردووه‌ جگه‌ له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی

 

له‌سه‌روو به‌ندی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ‌ له‌ عێراق, ئێستا ئێران بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی دڵخواستی خۆی سێ كه‌سایه‌تی ده‌نێرێته‌ عێراق هاوكات به‌ پێی زانیاریه‌كانی میدیا عه‌ره‌بیه‌كان عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران، نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ سه‌ركرده‌ شیعه‌كانی عێراق ناردووه‌‌و داوای خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی لێكردوون.

ڕۆژنامه‌ی العربی الجدید بڵاویكرده‌وه‌، عه‌لی خامنه‌یی نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ سه‌ركرده‌ شیعه‌كانی عێراق ناردووه‌، كه‌ ناوه‌ڕۆكی نامه‌ی هه‌موو سه‌ركرده‌كان یه‌ك ناوه‌ڕۆك بوه‌ كه‌ ئه‌ویش بریتیبووه‌ له‌وه‌ی “قه‌واره‌كانیان به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی یه‌كبخه‌ن”.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌، نامه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ستی هه‌ریه‌كه‌ له‌ (نوری مالكی، هادی عامری، قه‌یس خه‌زعه‌لی، هومام حه‌مودی، عه‌مار حه‌كیم‌و موقته‌دا سه‌در) به‌ڵام ئه‌و نامه‌یه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ستی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران‌و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر، ئه‌ویش به‌هۆی ڤیتۆی ئێران له‌سه‌ر ناوبراو كه‌ نایه‌وێت خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌ربگرێته‌وه‌.

له‌ئێستادا سێ كه‌سایه‌تی دیاری ئێران له‌عێراقن‌و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن نێو ماڵی شیعه‌ یه‌كبخه‌نه‌وه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌ (قاسم سوله‌یمانی) فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس، (موجته‌با خامنه‌یی) كوڕی عه‌لی خامنه‌یی، (مه‌حمود شه‌هرودی) كه‌سایه‌تی ئاینی ‌و نزیك له‌حزبی ده‌عوه‌،

به‌ڕای چاودێرانی سیاسی ده‌ركه‌وتنی موجته‌با خامنه‌یی كوڕی ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئێران بۆ یه‌كه‌مجار له‌عێراق، ڕۆڵبینین له‌دروستكردنی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی داهاتووی عێراق ئه‌وه‌ی لێده‌خوێندرێته‌وه‌، كه‌ ئێران ده‌یه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت‌و دووباره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق، دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نێوان سائیروون به‌سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌در ‌و فه‌تح به‌سه‌ركردایه‌تی هادی عامری كه‌ نزیكه‌ له‌ئێرانه‌وه‌، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ ئێران چه‌ند هه‌نگاوێك له‌پێش ئه‌مریكاوه‌یه‌ بۆ ڕۆڵبینین له‌حكومه‌تی داهاتووی عێراق.

Back to top button