ئێران كوێستانه‌كانی حاجی ئۆمه‌رانی تۆپباران کرد

هەرساڵ لەگەڵ وەرزی هاوین تۆپخانەکانی ئێران بەچڕی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستانیان لە سنووری گوندی گوندەژۆر، سەر بە شارەدێی حاجی ئۆمەران تۆپباران دەکات، لەکاتێکدا ئەو ناوچانە کۆچەرو کشتیاری زۆری ڕوو تێدەکات، ئێواری ئەمڕۆ جارێکی دیکە تۆخانەکانی ئێران چەند کوێستانێکی حاجی ئۆمەرانی بۆردومانکرد.

سەرچاوەیەک لە قەئیمقامی قەزای چۆمان ڕایگەیاند، تۆپبارانەکە کوێستانەکانی (گۆمەهیشک، کانی سۆرک، خڕەبەرد و بناری چیای چیخیدەر)یان لەسنووری گوندی (گوندەژۆر) گرتەوە، کە ژمارەیەکی زۆری ره‌وه‌ند و کۆچەر بەمەبەستی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان لەوێ نیشتەجێن.

سەرچاوەکە گوتیشی، تۆپبارانەکە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بەردەوام بووه‌، هەرچەندە زیانی گیانی بەدواوە نەبوو، بەڵام نزیکەی سەد ماڵی رەوەند لە ترسی تۆپبارانەکە وار و کوێستانەکانیان جێهێشت.

تۆپارانی تۆپخانەکانی ئێران لەکاتێکدایە کە لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووه‌وه‌، دوای شەهیدکردنی دوو هاووڵاتی و  بریندارکردنی دووی دیکە کە هەرچواریان برابوون و خەڵکی گوندەژۆر بوون، هیچ بنکە و بارەگا و جموجۆڵێکی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو گوندە بەدی ناکرێن و بوونییان نه‌ماوه‌

Back to top button