‌به‌رپرسێكی سه‌ربازی نزیك له‌ مالیكی به‌هۆیی كه‌وتنی موسڵ ده‌ستگیركرا

 

دوای ئه‌وه‌ی داواكاری گشتی عێراق دژ به‌ مالیك و هه‌موو ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازیانه‌ی كه‌ هۆكاری كه‌وتنی موسڵ بوون داوایان تۆماركرد، ئه‌مڕۆ فه‌رمانده‌ی پێشووی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی نه‌ینه‌وا لە سەردەمی حکومەتی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عیراق ده‌ستبه‌سه‌ر كرا.

سایتی سۆمه‌ریه‌ نیوز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ فەریق روکن، مه‌هدی غه‌راوی، فه‌رمانده‌ی پێشووی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی نه‌ینه‌وا له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كه‌وتنی شاری موسڵ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ کە لە سەردەمی حکومەتی نوری مالیکیدا فەرماندەی سەربازیی ئەو شارەبوو.

ساڵی رابردوش میدیاكانی عیراق به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ركانی سوپای عیراقیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ی به‌ ده‌ركردنی حوكمی گولـله‌بارانكردنی غه‌راوی داوه‌.

سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ركانی سوپای عیراق له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا فه‌رمانی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماڵوموڵكی گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌ی بۆ مه‌هدی غه‌راوی ده‌ركردبوو.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014 و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا، رێكخراوی داعش له‌ سوریاوه‌ شاری موسڵی دووه‌م گه‌وره‌ شاری عیراقی داگیركرد و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌و شاره‌ش به‌شێوه‌یه‌كی ته‌مومژاوی كشانه‌وه‌، دوای داگیركردنی موسڵ داعش په‌لی بۆ ناوچه‌كانی خۆرئاوای عیراق كێشا.

دوای چه‌ند ساڵێك له‌ داگیركردنی روبه‌رێكی به‌رفراوانی عیراق و ئه‌نجامدانی چه‌ندین تاوانی جۆراوجۆر، هێزه‌كانی عیراق له‌ مانگی ئابی 2017، به‌ هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی دژبه‌ داعش، كۆتاییان به‌ بونی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌سه‌ر خاكی عیراق هێنا.

Back to top button