ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی مانگی داهاتوو تره‌مپ و رووحانی كۆده‌بنه‌وه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئێران حه‌سه‌ن رۆحانی كۆببێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر مه‌رجی پێشوه‌خته‌یان نه‌بێت بۆ گفتوگۆ, ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، واده‌ و شوێنی دیداری نێوان سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و سه‌رۆكی ئێرانی، ئاشكرا كرد.

ڕۆژنامه‌ی “مه‌عاریف”ی ئیسرائیلی، له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌ ئاشكرای كرد، كه‌: “دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، مانگی داهاتوو له‌ شاری نیویۆرك له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، چاوی به‌ حه‌سه‌ن ڕووحانی، سه‌رۆكی ئێران، ده‌كه‌وێت”.

ڕۆژنامه‌كه‌، كه‌ به‌زمانی عیبری بلاو ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا و به‌مه‌به‌ستی سه‌رخستنی “لوتكه‌ مێژووییه‌كه‌” سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسییه‌ ئه‌ڵمانی و فه‌ڕه‌نسییه‌كان، به‌شێوه‌ی نافه‌رمی نێوه‌ندگیریی له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا ده‌كه‌ن.

پێشتر، ماڵپه‌ری “دیبكا”ی ئیسرائیلی، ئاشكرای كرد، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نی ئێرانی دیداره‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام تره‌مپ خۆی بۆ دیداری رووحانی، ئاماده‌ ده‌كات.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ به‌نێوه‌ندگیریی سه‌ڵته‌نه‌ی عه‌ممان، له‌مانگی حوزه‌یرانی ڕابردووه‌وه‌ گفتوگۆی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌ ئامانجی لوتكه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك، ده‌ستی پێكردووه‌.

پێشتر، دۆناڵد تره‌مپ، ئاماده‌یی خۆی بۆ دیداری ڕووحانی ده‌ربڕی و ڕای گه‌یاند، هه‌ركاتێك ئێرانییه‌كان بیانه‌وێت، له‌هه‌ر شوێنێكدا بێت، به‌بێ مه‌رج، ئاماده‌ی دیدارم.

Back to top button