ته‌واوی چاوپێكه‌وتنی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی.

چاوپێكه‌وتنى سه‌رۆك بارزانى له‌گه‌ڵ کەناڵی ئه‌لجەزیرەی عەرەبی له‌باره‌ى ريفراندۆم و خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، له‌ميانى به‌رنامه‌ى (ما خفي أعظم : ئه‌وه‌ى شاردراوەتەوە زۆر گه‌وره‌تره‌).”

له‌وه‌ڵامى پرسيارى پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌ (تامر ئه‌لمسحال) كه‌ ئايا بڕيارى ريفراندۆم له‌ ئه‌يلوولى ساڵى 2017، بڕيارێكى هه‌ڵه‌ بوو؟
سه‌رۆك بارزانى گوتى: له‌وانه‌يه‌ كه‌سانێك هه‌بن وا بيربكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌بۆچوونى من و بۆچوونى 3 مليۆن مرۆڤ له‌ كوردستان، ئه‌و بڕياره‌ بڕيارێكى ياسايى و ده‌ستوورى و مافێكى سروشتى گه‌لى كوردستان بوو.

ئێستاش من ئاماده‌م ريفراندۆمێكى ديكه‌ بكرێت، ئايا گه‌لى كورد په‌شيمانه‌ يان سووره‌ له‌سه‌رئه‌و بڕياره‌ى كه‌ له‌ 25ى ئه‌يلوول داويه‌تى؟ شۆڕشى ئه‌يلوول گه‌وره‌ترين شۆڕشه‌ له‌ مێژووى بزووتنه‌وه‌ى كورد، كه‌ له‌ ئه‌يلوولى ساڵى 1961 ده‌ستى پێكرد، بێگومان ئه‌وكات عه‌بدولكه‌ريم قاسم حوكمى عێراقى ده‌كرد، ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌وروبه‌رى بوون به‌ ئاراسته‌يه‌كى هه‌ڵه‌ ئاراسته‌يان كرد وايان لێكرد بڕوا بكات كه‌ كورد دوژمنى ئه‌وانه‌، بۆيه‌ له‌ 11ى ئه‌يلوولى 1961 بڕيارى دا به‌هێزى ئاسمانيى هێرش بكاته‌ سه‌ر كوردستان و جه‌نگ هه‌ڵگيرسا و به‌رده‌وام بوو.

كاتێ جه‌نگ له‌نێوان ئێران و عێراق هه‌ڵگيرسا، هێشتا په‌يوه‌ندى له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌بوو، سه‌ركردايه‌تى كورديش ئاماده‌يى خۆى نيشان دا بۆ راگرتنى شه‌ڕ و ده‌ستكردن به‌ دانوستاندن له‌گه‌ڵ رژێم، به‌ڵام وه‌ڵامى رژێم زۆر سه‌ير بوو، گوتيان ده‌بێ به‌بێ مه‌رج ئاڵاى سپى هه‌ڵبكه‌ن و خۆتان به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن، به‌ڵام كرداره‌ سه‌ربازييه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر سوپاى عێراق نه‌وه‌ستان چونكه‌ بۆردومانى گونده‌كان و راوه‌دوونانى خه‌ڵك له‌لايه‌ن مه‌فره‌زه‌كانى ئه‌منى سه‌ر به‌حكوومه‌تى عێراق نه‌وه‌ستابوون.

له‌باره‌ى داڕشتنى ده‌ستوورى عێراق له‌پاش رووخانى رژێمى به‌عس، سه‌رۆك بارزانى گوتى: هه‌موومان شاره‌زاييمان كه‌م بوو له‌ داڕشتنى ده‌ستوور، هه‌ندێ بابه‌تى سه‌ره‌كيش هه‌بوون كه‌ له‌كاتى خۆى دركمان پێى نه‌كردبوو، ئه‌كاته‌ش گوتمان ئه‌و ده‌ستووره‌ ده‌ستوورێكى نموونه‌يى نييه‌ و كه‌موكووڕى تێدايه‌ به‌ڵام به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌ستووره‌كانى پێشوو و، بارودۆخى پێشوو، ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ بوو.

له‌وه‌ڵامى پرسيارى، له‌ ساڵى 2007 لێكتێگه‌يشتن هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ريفراندۆم له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، ئايا بۆ ئه‌و ريفراندۆمه‌ نه‌كرا؟ سه‌رۆك بارزانى گوتى: پرسيار له‌ به‌غدا بكه‌ ئايا ئه‌و ريفراندۆمه‌ بۆ نه‌كرا.!

له‌وه‌ڵامى پرسيارى كه‌ ئايا بۆ ريفراندۆمتان كرد له‌كاتێك وڵاتانى جيهان و ده‌وروبه‌ر دژى ئه‌و ريفراندۆمه‌ بوون؟
سه‌رۆك بارزانى گوتى: به‌هه‌موو لايه‌كمان گوت به‌ديلى ريفراندۆم چييه‌، هه‌رچۆنێ بێت من په‌شيمان نيم له‌وه‌ى كه‌ كردوومه‌ و دواڕۆژيش ده‌رى ده‌خات كه‌ ئه‌وه‌ى كردوومه‌ راست بووه،‌ جا ئه‌وه‌ى پێى خۆشه‌ با پێى خۆش بێ و ئه‌وه‌ى پێى ناخۆشه‌ با پێى ناخۆش بێ، گه‌لى كورد هه‌ر به‌ ئامانجى خۆى ده‌گات.

له‌باره‌ى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاڵاى ئيسرائيل له‌كاتى بانگه‌شه‌ى ريفراندۆم، سه‌رۆك بارزانى گوتى: هيچ هه‌ماهه‌نگييه‌ك له‌گه‌ڵ ئيسرائيل نه‌بووه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاڵاى ئيسرائيل به‌پێى هيچ بڕيارێك و ئاگادارييه‌ك نه‌بووه‌، به‌ڵكو ره‌فتارێكى تاكه‌كه‌سى بووه‌ و له‌وانه‌ په‌رچه‌كردارى ره‌فتارى ديكه‌ بووبێت.

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى عێراق دواى شه‌ڕى داعش و پاراستنى يه‌كپارچه‌يى خاكى عێراق، سه‌رۆك بارزانى گوتى: به‌غدا ئه‌و بارودۆخه‌ى قۆسته‌وه‌، ئه‌گينا پێشتر به‌غدا بابه‌ته‌كه‌ى به‌ ئاسايى وه‌رگرتبوو، من له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌يه‌كى فه‌رمى و جه‌ماوه‌رى كۆبوومه‌وه‌، يه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ به‌ناوبانگه‌كان كه‌ نامه‌وێ ناوى بێنم، به‌منى گوت كه‌واته‌ ئێمه‌ نابێ باس له‌ شه‌ڕ بكه‌ين، منيش پێم گوت، من ئه‌سڵه‌ن دژى شه‌ڕم، ئه‌ويش گوتى، كه‌واته‌ يان به‌يه‌كه‌وه‌ بوون به‌ چاكه‌، يان لێك جيابوونه‌وه‌ به‌ خۆشى.. منيش پێم گوت، هه‌ر ئه‌وه‌ باشه‌.

له‌وه‌ڵامى پرسيارى كه‌ ئايا پرستان به‌ وڵاتانى دراوسێ كرد له‌ ئه‌نجامدانى ريفراندۆم؟
سه‌رۆك بارزانى گوتى: له‌ڕاستيدا ئێمه‌ كه‌ بڕيارى ريفراندۆمان دا نه‌چووينه‌ ئه‌و وڵاتانه‌، نه‌مان پرسى ئايا رازين يان نا، له‌ داهاتووشدا ئه‌وه‌ ناكه‌ين، ئه‌وه‌ بڕيارى گه‌لى كوردستانه‌.

كورد له‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌ى فارس و نه‌ته‌وه‌ى تورك جياوازن، خۆ ئێمه‌ى خه‌ڵق كردووه‌، ئه‌وه‌ تاوانى ئێمه‌ نييه‌، من باس له‌ كوردستانى عێراق ده‌كه‌م، كورد له‌ ئێران و توركيا خۆيان بڕيار ده‌ده‌ن چۆن مافه‌كانى خۆيان به‌ده‌ست دێنن.
له‌باره‌ى پرسيارى كه‌ ئايا پێش ئه‌نجامدانى ريفراندۆم ره‌تتان كردۆته‌وه‌ پێشوازى له‌ قاسم سلێمانى بكه‌ن؟
سه‌رۆك بارزانى گوتى: نه‌خێر، قاسم سلێمانى هات و ره‌تم نه‌كرده‌وه‌ پێشوازى لێبكه‌م، ئه‌ويش هات داواى كرد ريفراندۆم دوا بخرێ، وه‌ڵامى منيش زۆر روون بوو بۆ گشت لايه‌ك، كه‌ ئێمه‌ ريفراندۆم دواناخه‌ين و ئه‌وه‌ى ده‌بێ با ببێ.

له‌باره‌ى كه ‌ئايا ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ريفراندۆم بوو يان نا؟
سه‌رۆك بارزانى گوتى: بۆ ئه‌وه‌ى راستگۆ بم و ئه‌مين بم، ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا رۆژێك له‌ رۆژان به‌ ئێمه‌يان نه‌گوتووه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ريفراندۆمين، به‌ڵام رۆژێك له‌ رۆژانيش به‌ ئێمه‌يان نه‌گوتووه‌ ئێمه‌ دژى ريفراندۆمين، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ى ئيداره‌ى ئه‌مريكا گۆڕا هه‌ڵويستى ئه‌وانه‌ى كه‌ دۆسێى ريفراندۆم و په‌يوه‌ندييه‌كانيان گرته‌ ده‌ست زۆر به‌ڕوونى به‌لاى به‌غدادا گۆڕا، مه‌به‌ستم باڵيۆزى ئه‌مريكا و به‌دياريكراوى كه‌سى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌يه‌.. هه‌ڵويستيان زۆر خراپ بوو، له‌ يه‌كێك له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كان وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ پێى گوتم ده‌بێ بكشێنه‌وه‌ بۆ هێڵى 2003، منيش پێم گوت تۆ ده‌زانى هێڵى 2003 چييه‌ تا داوا له‌من بكه‌ى بكشێينه‌وه‌ هێڵى 2003؟ هێڵى 2003 هێڵى به‌ريه‌ككه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق له‌سه‌رده‌مى سه‌دام حوسين، ئه‌و هێڵه‌ نه‌ سنوورى ئيدارييه‌ و نه‌ سنوورى نێوان پارێزگاكانه‌.

له‌باره‌ى شه‌ڕى ناوخۆ سه‌رۆك بارزانى گوتى: به‌ڕاستى ئه‌و شه‌ڕه‌، شه‌ڕێكى پڕ ئازار و زيانبه‌خش و مايه‌ى شه‌رم بوو، له‌وانه‌يه‌ لاى زۆر كه‌س سه‌ير بێ ئه‌گه‌ر بڵێم ئێمه‌ په‌لكێشى ناو ئه‌و شه‌ڕه‌ كراين، له‌ سه‌ره‌تا چه‌ند كێشه‌يه‌كى بچووك هه‌بوو له‌ ناوچه‌يه‌كى دياريكراو، به‌ڵام دواتر كه‌ ده‌ستوه‌ردانى هه‌رێميى تێكه‌وت كێشه‌كه‌ له‌ده‌سه‌ڵات ده‌رچوو.

له‌باره‌ى داگيركردنى كه‌ركووك سه‌رۆك بارزانى گوتى: له‌ كه‌ركووك خيانه‌تى نيشتمانيى كرا، گرووپێكى دياريكراو به‌ به‌رچاوى ئه‌مريكا چوون له‌گه‌ڵ حه‌شد و نوێنه‌رى سوپاى پاسدارانى ئێران رێككه‌وتنيان كرد، تانكه‌كانى سوپا و حه‌شديان هێنايه‌ ناو كه‌ركووك و له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ريان لێداين.. ئێستاش ئه‌وه‌ى له‌ كه‌ركووك رووده‌دات سڕينه‌وه‌ى ناوى كورده‌.

له‌وه‌ڵامى كه‌ ئايا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى له‌ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌به‌ر سووربوونى بوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ريفراندۆم كه‌ به‌ تێگه‌يشتنى چه‌ند لايه‌نێك گوايه‌ هه‌ستى به‌ هه‌ڵه‌ى خۆى كردووه‌ له‌سه‌ر كاتى ئه‌نجامدانى ريفراندۆم، بۆيه‌ ده‌ستى له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌؟
سه‌رۆك بارزانى گوتى: نا نه‌خێر ئه‌گه‌ر وابووايه‌ داواى بووردنم ده‌كرد، به‌ ئاشكرا ده‌مگوت ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ بوو، به‌ڵام به‌ڕاستى ئه‌وه‌ ئيستحقاقى هه‌ڵبژاردن بوو، بۆيه‌ بڕيارم دا ئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه‌يه‌ كۆتايى پێبێت ئه‌وا هه‌ر درێژكردنه‌وه‌يه‌كى ئه‌و ماوه‌يه‌ زيان به‌ خه‌بات و مێژووى خه‌باتم ده‌گه‌يه‌نێت وه‌ك پێشمه‌رگه‌يه‌ك.

له‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا دواى ريفرندۆم سه‌رۆك بارزانى گوتى: ئێستا بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و باشى ده‌ڕوات په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ره‌و باشتر ده‌چن و زۆر له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كراون و كێشه‌كانى ديكه‌ش خه‌ريكن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌ڵام من سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى گه‌له‌كه‌م خۆى مافى ‌چاره‌نووسى خۆى ديار بكات.

Back to top button