بارزانی بۆ سەرۆك وەزیرانی سوید باسی چی كرد

خواكوڕك
لە هەواڵێكی دا مالپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە بارزانی بەسەرۆك وەزیرانی سویدی گوتووە، گەلی كوردستان هیچ كات نابێتە لایەنێك لە ململانێی تاییفی، هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هاوكات لەگەڵ شەڕی سەربازی دەبێ شەڕی فكری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی تیرۆریستان بكرێت،
 
هەر لەمیانی پێشوازی كردنی لەسەرۆك وەزیرانی سوید بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی سویدی كرد كە لە ساڵانی ڕابردوو یارمەتی گەلی كوردستانیان داوە و بوونەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ خەڵكی كوردستان و پێزانینی خۆیشی بۆ ڕۆڵی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی سوید نیشان دا لە مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە. لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە مێژوو و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی ئازادكردنی موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان جەختی لە پێویستی بوونی پلانێكی سیاسی كردەوە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشەكان و پاراستنی پێكهاتەكان بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا
 
ڕۆژی سیشەممە 25ـی 10ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستێفان لۆفێن سەرۆك وەزیرانی سوید و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی سوید خۆشحاڵیی خۆی بە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان نیشان دا و جەختی لە پاڵپشتیی و پابەندبوونی درێژخایەنی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كردەوە و ڕایگەیاند حكوومەتی سوید بەنیازە ژمارەی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكات.
 
هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ئاستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. سەرۆك وەزیرانی سوید سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ڕێزی بۆ مێژوو و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەیە و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی بۆ پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەرز نرخاند.
 
 
لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك وەزیرانی سوید و شاندی یاوەری كرد 
Back to top button