پارتی شاندێك بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دیاری ده‌كات

دوای ئه‌وه‌ی ئەنجومەنی دادوەری ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد و بە پێی ئەنجامەکان پارتی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە، بۆیە پارتی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان پێک دێنێت.

د. ئاراس حسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی ئەنجومەنی دادوەری ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی حکوومەت دیاری دەکرێت و دەست بە گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەکرێت.”

ئەندامه‌كه‌ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی گوتیشی: “گفتوگۆکانی پارتی لەگەڵ لایەنەکانیش لەسەر ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دەبێت و ھەر لایەنێک بە پێی قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و پارتیش سەردانی ھەموو لایەنەکان دەکات و حکوومەتی ئەمجارەش زۆرینە دەبێت و بنکەفراوان نابێت.”

درەنگانی شەوی ۲۱ی۱۰ی۲۰۱۸ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی بڵاوكردەوە و بەپێی ئەنجامەکە (پارتی ٤۵ كورسی، یەكێتی ۲۱ كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ۱۲ كورسی، هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح ۵ كورسی، نەوەی نوێ‌ ۸ كورسی، كۆمەڵ ۷ كورسی و حیزبەكانی دیكەش دوو كورسی).

Back to top button