ركابەرێكی سەر سەختی ترەمپ دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا

 

دوای ئەوەی پارتی دیموكراتەكانی ئەمریكا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە پێش كۆماریەكان بكەونەوە, ئەمڕۆ لە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران, نانسی پیلۆسی، لە پارتی دیموكراتخوازەكان، وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا، كە پێشتر پۆڵ راینی سەر بە كۆمارییەكان لەو پۆستەدا بوو.

نانسی پیلۆسی، لە دایكبووی ساڵی 1940ـە لە پارتی دیموكراتەكانی ئەمەریكایە لە ویلایەتی كالیفۆرنیا و بۆ دووەمجارە دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، رەنگە بەهۆی دۆسیەی دیوارە سنوورییەكانی نێوان ئەمەریكا و مەكسیك، رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە.

پیلۆسی جاری یەكەم لە ساڵانی 2007 تاكو 2011، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە و ئەمڕۆش بۆ جاری دووەم بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرایەوە و دەنگی 220 نوێنەری دیموكراتخوازەكانی بەدەستهێنا و 12 نوێنەری پارتەكە دەنگیان پێ نەداوە 3 نوێنەریش دەنگیان نەدا.

پارتی دیموكراتخوازەكانی ئەمەریكا، لە هەڵبژاردنی نیوەیی 2018، توانییان زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستهێنن و لە كۆی 435 كورسی 235 كورسییان بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا كۆمارییەكانی زۆرینەیان لە دەستداو ئێستا تەنها خاوەنی 200 كورسی ئەنجوومەنەكەن.

نانسی پیڵۆسی بە یەكێك لە بەهێزترین نەیارەكانی ترامپ دادەنرێت، لە بارەی پرسی كوردییش لە سووریا و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، رەخنەی توندی لە ترامپ گرت، میدیا و چاودێرانی سیاسیی ئەمەریكاش پێشبینی ململانێیەكی بەهێز دەكەن لە نێوان نانسی و ترەمپ.

پێشبینییەكان بەشێوەیەكن، تا ئەو ڕادەیەی باس لە داڕووخانی ئومێدی ترەمپ دەكرێت بۆ خۆ هەڵبژاردن لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، كە لە ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت.

ئێستا كۆنگرێسی ئەمەریكا، كە لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران پێكدێت، بەسەر هەردوو پارتی كۆمارییەكان و دیموكراتخوازەكان دابەش بووە، ئەنجوومەنی پیران كۆمارییەكان، كە پارتەكەی ترەمپن، زۆرینەن و لە كۆی 100 كورسی، 53 كورسییان هەیە و دیموكراتخوازەكانی خاوەن 47 كورسی.

هەرچی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، دیموكراتخوازەكان بە 235 كورسی زۆرینەن و كۆمارییەكان خاوەن 200 كورسین.

Back to top button