۱۹سه‌ركرده‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ هه‌وڵی دروستكردنی حیزبێكی نوێی ئیسلامیدان

له‌گه‌ڵ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسی باڵاكانیان و تۆخبونه‌وه‌ی ململانێ ناوخۆییه‌كانیان، بڕیاره‌ له‌ یه‌كی مانگی شوبات بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان كۆنفرانسێك به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی بزوتنه‌وه‌كه‌ ببه‌ستێت .

به‌پێی زانیارییه‌كانی ” خــواكــوڕك” ، ۱۹سه‌ركرده‌ی ناڕازیی له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان ،له‌ هه‌وڵی دروستكردنی حیزبێكی نوێی ئیسلامیدان .

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ۷ی كانوونی دووه‌می ۲۰۱۹ به‌ نیوه‌ندگیری شه‌ش ئه‌ندامی مه‌كته‌بی زانایانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ،توانییان جارێكی تر شه‌ش ئه‌ندامی ناڕازی سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌گه‌ڵ (عیرفان عه‌بدولعه‌زیز ) ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كۆبكه‌نه‌وه‌ ،به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ هیچی لێ سه‌وز نه‌بوو ئه‌ندامه‌ ناڕازییه‌كانی سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ش نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ نێو حزبه‌كه‌یان .

كامیل مه‌حمود ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركدرایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ،كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناڕازییه‌كان ،گووتی :” دوو شه‌مه‌ی ڕابردوو كۆبوینه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی .به‌ڵام پێمان گوتن برایه‌تیمان له‌ جێگه‌ی خۆی و دوای ئه‌م كۆبونه‌وه‌ش هیچ گفتوگۆیه‌كمان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی دا نامێنێت و ئه‌و ده‌رگایه‌ش داده‌خه‌ین “.

پێشتریش پێگه‌ی ” خواكوڕك ناوی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان كه‌ ده‌ستیان له‌كاركێشابووه‌وه‌ وپێكهاتبوو له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ( كامیل مه‌حمود و محه‌مه‌د ئه‌مین ئاشورو موحسین محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و مامۆستا عه‌بدول غه‌فور چه‌مچه‌ماڵی و ئارام كه‌مال و سه‌رباز خۆشناو ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی)  بڵاو كرده‌وه‌و هۆكاره‌كه‌یشی بۆ تاكڕه‌وی عیرفان عه‌بدول عه‌زیز ڕابه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ .

 

Back to top button