بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران.. وادەی کۆتاییهاتنی پاشەکەوتی مووچه‌ی فەرمانبەران ئاشکرا کرا..

کەمێک پێش ئێستا، لە میانی کردنەوەی قوتابخانەیەکی شاری هەولێر کە لەلایەن هاووڵاتییەکەوە نۆژەن کرابووەوە، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، باسی لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کرد و ڕای گەیاند: ”ئاسۆ گەشە، دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو باشی دەڕوات.

پشتیوان سادق زیاتر ڕونیكرده‌وه‌، هەر کاتێک بودجەی عێراق بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو بڕە پارەیەی دیاری کراوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئەو کاتەی پارەکە هات، پاشەکەوتی مووچەش نامێنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر پەرلەمانتارانی کورد لە لێژنەی دارایی عێراق و بەرپرسانی دیکە ڕایانگەیاندبوو کە بودجەی ٢٠١٩ی عێراق بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە دەرەوەی ململانێی سیاسی و بابەتی ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و ئەگەر هەیە مانگانە حکوومەتی عێراق بەبێ ڕادەستکردنی نەوت، بڕی ٥٢٢ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، باسیش لەوە کرابوو کە بەهۆی ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە یاسای بودجە، دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، پێویستە ڕێنمایی لەمبارەیەوە دەربکرێت و پاشان بخرێتە جێبەجێکردنەوە کە دوور نییە پرۆسەکە تا مانگی ٤ی داهاتوو بخایەنێت.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کردبوو کە تا ئەوکاتەی نەزانن چەند پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، ناتوانن بە دیاریکراوی کات و چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران ئاشکرا بکەن.

 

Back to top button