ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکایەتی كۆبوونەوەی ۱۸ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكات
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕەتی دەكاتەوە دەسەڵاتەكان لە ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك وەرگیرابێتەوە و دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ۱۸ـی مانگی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكات.
ئەمڕۆ سێ شەممە، هەندێك لە میدیاكانی سەر بە یەكێتی هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ۱۸ـی مانگی داهاتووی ناكات و دەسەڵاتەكانی لێ وەرگیراوەتەوە، بەڵام ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەوە ڕەت دەكاتەوە.
جوان حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، بڕیار بەوشێوەیە كە ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ڕۆژی ۱۸ـی مانگ دەكات.
هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو دەنگۆیانەی باس لە لێسەندنەوەی دەسەڵاتەكان و سەرپەرشتی نەكردنی كۆبوونەوەكان دەكات دوورە لە ڕاستییەوە، چونكە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەن بە واژووی ئەو بڵاو كراوەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە كە شەوی ڕابردوو “وشە” هەواڵی ئەوەی بڵاو كردەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێ ڕێبوار تاڵەبانی لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لا ببات.
بڕیارە ڕۆژی ۱۸ـی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هەولێر ئەنجام بدرێت ئەوەیش بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان