نەوت بەرزترین نرخی تۆمار كرد

زیاتر لە هەفتەیەكە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و هیچ رۆژێك نییە رەنگەكەی بە سەوز دانەخرابێت و كەمێك لە نرخی نەوت هەڵنەكشابێت.

لە ۱۲ـی شوباتەوە نرخی نەوت لە ٦۱ دۆلارەوە بۆ سەرووی ٦۷ دۆلار هەڵكشاوە، هەر ئێستە لە كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە ٦۷ دۆلار و ٥۰ سەنت دەفرۆشرێت، بەگوێرەی “dailyfx” نرخی نەوتی ئەمەریكیش لەو ماوەیەدا لە ٥۲ دۆلارەوە بۆ ٥۷ دۆلار و ٤۸ سەنت هەڵكشاوە و بەگشتی نرخی نەوت گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی كە لە ماوەی سێ مانگی رابردوو تۆمار كرابێت.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دوایین ئاماری هەناردەی نەوتی ئۆپێك دەگەڕێتەوە كە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی، لێرەدا سعوودیە بەڵێنی داوە هەندێكی تر لە بەرهەمهێنانی نەوتەكەی كەم بكاتەوە و رووسیاش هاوكاری دەربڕیوە. سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ڤەنزوێلا و ئێرانیش بە هۆكاری تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.

Back to top button