حەسەن رۆحانی: دەست لە كاركێشانەوەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی قبول نەكرد
دوای ئەوەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران, لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی انستاگرام, نامەی دەست لەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاند, سەرۆككۆماری ئێران نامەی دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی رەتدەكاتەوە و میدیاكانی ئەو وڵاتەش دەڵێن:” زەریف دەگەڕێتەوە بۆ سەر كارەكەی”.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز، ئەمڕۆ چوارشەمە، حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران، دەست لەكار كێشانەوەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رەتكردەوەو رایگەیاند، دەست لەكار كێشانەوەی محەممەد جەواد زەریف لە بەرژەوەندی ئێران نییە و ئەو داواكارییە قبوڵ ناكات.
زەریف لە توڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند، هیوادارە وەزارەتی دەرەوە بە پشتیوانی رێبەر و سەرۆككۆماری ئێران و لە چواچێوی یاسای ئێران بتوانی ئەركەكانی تێپەڕێنێت.
زەریف ئەمرۆیش بە فەرمی گەڕایەوە سەر كارەكەی و پێشوازیی لە سەرۆك وەزیرانی ئەرمەنستان كرد.
لەم چوارچێوەیەدا، قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، رایگەیاند، پشتیوانی تەواو لە زەریف دەكەن و ئەو بە تاكە بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان دەزانێت.
درەنگانی شەوی دووشەممە، 25ی شوبات, محەمەد جەواد زەریف، لە ئینستاگرامەوە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاند، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە لە سەردانیكردنی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا بۆ تاران، ئاگادار نەكراوەتەوە.