سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت تەنها پارتی كاندیدی هەیە

 

دوای ئەوەی لێژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا, وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كارەكانی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكات و لایەنەكانیش نزیكن لە رێككەوتن لەسەر هەمواری یاساكە, بە گوێرەی رێككەوتنەكە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم تەنها یەك برگەی هەموار دەكرێتەوە، دوای هەموار كردنەكەش، دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە.

بە پێی زانیاریەكانی (خواكوڕك) لیژنەی یاسایی هەفتەی داهاتوو یەكێك لە یاسا گرنگەكان هەموار دەكاتەوە، لێژنەكە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی لێژنە و جێگر و بڕیاردەر لە ماوەی چەند رۆژێكدا یاساكە هەموار دەكاتەوە دواتر رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، بەپێی گفتوگۆی لایەنەكان، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەنها یەك بڕگەی هەموار دەكرێتەوە كە ئەویش سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە جیاتی لە نێو خەڵك هەڵبژێردرێت لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

بۆ تێپەڕبوونی هەر پرۆژە یاسایەك، پێوستە لە كۆی 11 ئەندامی لێژنەی یاسایی، 6 ئەندام دەنگ بۆ بدەن، یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی گرفتێكی بچووكی بەردەم لایەنە سیاسییەكانە دوای هەمواریشی پەرلەمانی كوردستان دەرگای كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

لە نێو لایەنە سیاسیەكان، تا ئێستا تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش رێككەوتنی لایەنەكان گرنگە بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، چونكە ئەم یاسایە پێوستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە.

Back to top button