ھەولێر سبەی یادی ئازادكردنی ده‌كاته‌وه‌

ئەم مانگە لە شاری ھەولێر فێستیڤاڵی یادەكانی ئادار و نەورۆز بە شێوەیەكی فراوانتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە دەچێت. جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە دەچێتە قۆناغێكی تر و دەبووژێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە، تاھیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری ھەولێر، لە پرێسكۆنفراسێكدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی یادەكانی ڕاپەرین و نەورۆز، بە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی گوت، لە ١١/٣/٢٠١٩ فێستیڤاڵی ئادار و نەورۆز دەست پێدەكات و تاكو ٢٠/٣/٢٠١٩ بەردەوام دەبێت، هەروەها سبەی لەسەر قەڵای ھەولێر لە یادی ئازادكردنی ھەولێردا ئاھەنگێكی فراوانی جەماوەری ساز دەكرێت.

عەبدوڵڵا ئاماژەشی دا: “جەژنی نەورۆز و یادی ڕاپەرینی شاری هەولێر، بە شێوەیەكی شایستەتر لە ساڵانی ڕابردوو دەكەینەوە”. داواشی لە هاووڵاتیان كرد، بۆ نەورۆز‌ پاكوخاوێنیی شوێنە گەشتیارییەكان بپارێزن.

گوتیشی: “لە ئەنجامی قەیرانی دارایی، خەڵكی كوردستان تووشی دەردەسەری و نەهامەتیی زۆر بوون، بەڵام خۆشحاڵین بەوەی سەرەتای قۆناغێكی باشی ئابووری دێتە ئاراوە و كوردستان دەبووژێتەوە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هەوڵانە بوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق داویەتی بۆ نەمانی پاشەكەوتی مووچە، كە ناوبراو پێی وایە، قۆناغێكی نوێی ئابووری ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات.

Back to top button