حکومەتی هەرێم ئیدانەی هێڕشەکەی نیوزلەندا دەکات کە دەیان موسلمان بوونە قوربانی

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ توندڕەوێکی ئاینی لە نیوزلەندا هێڕشی کردە سەر دوو مزگەوت و لە ئەنجامدا بە دەیان موسلمان بوونە قوربانی، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێڕشە تیرۆریستیەکەی کرد.

سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت رایگه‌یاند: “حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستییه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى له‌ نیوزلاند كرایه‌ سه‌ر دوو مزگه‌وت و له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان نوێژخوێن گیانیان له‌ ده‌ست دا و ده‌یانى دیكه‌ش بریندار بوون”.

دەشڵێت: “حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانیان و گه‌ل و حكوومه‌تى نیووزیلاند ده‌كات و له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا هاوسۆز هاوخه‌میانه‌”.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوادارە: “ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و تاوانه‌ به‌سامه‌ به‌ سزاى دادپه‌روه‌رانه‌ بگه‌ن و له‌ هیچ شوێنێك دیكه‌ كاره‌ساتى ئاوا دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌”.

ئەمڕۆ هەینی کەسێک بە ناوی برێنتۆن تارانت لە وڵاتی نیوزلەندا، هێرشیکردە سەر دوو مزگەوت و نزیکەی 50 کەسی کوشت و 48 دیکەشی بریندار کرد.

هێرشەکە لە لایەن کەسێکی دژە ئیسلام ئەنجامدرا و نوێژخوێنانی رۆژی هەینی کرانە ئامانج، لە ئێستاشدا پۆلیسی ئەو وڵاتە جیا لە هێرشبەرەکە، چوار کەسی دیکەشی دەستگیر کردووە.

Back to top button