ئەمڕۆ پارتی وەڵامی گۆڕان دەداتەوە
بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وەڵامدانەوەی دوایین پێشنیازەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی نیسان لە هاوینەهەواری پیرمام مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ ببێتەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر وەڵامەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوایین كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی بە ئۆرگانی پارتییان ڕاگەیاندووە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە بەشداریی سەرۆك بارزانی و تەواوی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەكرێ، تێیدا گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك تەوەر دەكرێ و بابەتی سەرەكیش پەلەكردنە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
پێشتر فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بۆ میدیاكان ڕای گەیاندبوو، ڕۆژی پێنجشەم كۆ بوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە و پێكهێنانی حكوومەت %90ـی تێپەڕاندووە.
هاوكات، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە ڕای گەیاندووە، ڕۆژی پێنج شەممه مەكتەبی سیاتسی پارتی كۆ دەبێتەوە و ڕەنگە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یەكێتی رێككەوتن واژوو بكرێت.
ئەو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لە كاتێكە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت پێشچوونی زۆری بەخۆییەوە بینیوە و تا ڕادەیەك پارتی و یەكێتی و گۆڕان لە پێكهێنانی حكوومەت نزیك بوونەتەوە و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.