لە مەخموور ژمارەیەک ھاووڵاتیی کورد کەوتنە دەست داعش

 

ژمارەیەک ھاووڵاتیی قەزای مەخموور لە چیای قەرەچۆغ کەوتنە دەست چەکدارانی داعش و بەرپرسێکی پارتییش دەڵێ، یەکێک لە ھاووڵاتییەکان ئاسایشی یەکێتییە و لە لایەن داعشەوە ڕفێندراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو سنوورە، چونکە داعش دەستی بەسەردا گرتووە.

کرمانج عەبدوڵلا، بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دوێنێ ژمارەیەک ھاووڵاتیی سەنتەری قەزای مەخموور بە مەبەستی هەڵکەندنی دۆمەڵان چوونەتە چیای قەرەچۆغی نزیک شارۆچکەی مەخموور و دواتر کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارانی داعشەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، چەکدارانی داعش داوای ناسنامەیان لەو ھاووڵاتییانە کردووە و دواتر دەرکەوتووە یەکێک لە ھاووڵاتییانی کورد پێناسی ئاسایشی یەکێتیی پێ بووە و لە لایەن داعشەوە دەستگیر کراوە و چارەنووسی دیار نییە.”

بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی دەشڵێت: “چەکدارنی داعش لە چیای قەرەچۆغ و دەوروبەری قەزای مەخموور بەردەوام ھاتۆچوو دەکەن و ئەو سنوورە پڕیەتی لە چەکدارانی داعش، پێشتر ھەر لەو سنوورە کردەوەی تیرۆریستییان بەڕێوە بردووە.”

عەبدوڵلا ڕوونی کردەوە: “ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی ئەو سنوورە لە لایەن پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە بەڕێوە ببرێت، چونکە ئیستا عێراقیش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بەبێ ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە ناوچەکە سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ، ھەوڵەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لە دانوستاندان.”

کرمانج عەبدوڵلا دەڵێت: “پێشتر یەک ھەزار و ٣٥٠ کیلۆمەتری چوارگوشە لە لایەن پێشمەرگەوە پارێزگاریی لێ دەکرا، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر داعش گەڕاوەتەوە ناوچە کوردستانییەکان و ٥٠٠ کیلۆمەتری چوارگوشە لەژێر دەستی داعشدایە.

Back to top button