کەس نیە بە یەکێتی بڵێ
عەزیز ڕەئووف
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ زیندووکردنەوەی عەشیرەتەکان لەم هەرێمە، هەڵگەڕانە بە قولەی قافا.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ چ عەیبەیەکی گەورەیە دوای ئەم هەموو شکستەت لەم هەرێمە، کەچی دەست بۆ ترسناکترین بۆنە بەریت، ئەویش زیندووکردنەوەی عەشیرەتەکان و هەڵدانی خێمە و لەشانکردنی بڕنەو و خواردنەوەی ماستاوی پڕ لە قەزوانە.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ تۆ شەقامت دۆڕاندووە، تۆ خەڵکت دۆڕاندووە، ئامادەبوونت لە ڤیستیڤاڵی عەشیرەتەکان لەبەر خاتری چاوی کاڵی چەند بەرپرسێکی گەندەڵی ناو عەشیرەتەکان چ خۆکوژیەکی گەورەیە.
کەس نیە بە سەرۆک کۆماری عیراق بڵێ هەرچەندە بچیتە بەغدا کەچی گەورە نابیت و دەبوو لانی کەم حورمەتی خۆتت لا گرنگ بوایە و دانیشتن لەژێر خێمەی عەشیرەتەکان بچوکترت دەکاتەوە.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ لە قەرەداغی کاک ئاراما زیندووکردنەوەی گیانی خێڵایەتی و عەشیرەت چ بەتاڵیەکی گەورەیە.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ تۆ دەڵێی ئەم هەرێمە ئارامە، کەچی بەبەرچاوی بەرپرسە باڵاکانی هێزەکەتەوە لە ڤیستیڤاڵی ئاشتی و پێکەوە ژیانی عەشیرەتەکاندا گەنج دەکوژرێ.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ هاتنەپێشەوەی نەوەی دووەمی بەرپرسانیش نەیتوانی ئەم عەقڵی خێڵگەری و ڕازیکردنی دڵی عەشیرەت و مستەشارەکان ڕاگرێت و لانی کەم بە خۆت و سیاسەتتدا بچیتەوە.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ سوسیال دیموکرات و و بڕنە و شاڵ و شەپک و ماستاوخواردنەوەی ژێر خێمەکان و مجامەلە و ڕازیکردنی خێڵەکان کوجا مەرحەبا.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ یەک تۆز عاقلانە مامەڵە بکەی خەڵک لە ئەدای ئۆپۆزسیۆن و پۆپۆڵیستی ئەم هێزانە و سیاسەتی منداڵانەی کامێرابەدەستەکانی سلێمانی بێتاقەتە، چانسێکی تری مانەوەی پێدای، بەڵام خۆت ناتوانی ئەم هەلە بقۆزیتەوە، بە خۆت و سیاسەت و توڕەهاتەکانی خۆتتدا بچیتەوە و لانی کەم وەک بەشەر سیاسەت بکەی.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ بۆ ئەزموون لە پارتی وەرگرناگرن، پارتی خەریکی ڤیستیڤاڵی ڕەنگ و بۆنەی نەتەوایەتی گەلان و ماراسۆن و لەشجوانیە، تۆی یەکێتیش تازە بە تازە بە کۆمەڵێ چەکدارەوە لەو قەرەداغە مجامەلە و عەرزی عەزەڵاتێکی بێتام دەکەی کە دوژمنیش ئاوات بۆ حاڵت ناخوازێ.
کەس نیە بە یەکێتی بڵێ کە عەیبە.