وتەبێژی حكومەتی هەرێم: پرسی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە

 

دوای ئەوەی شانێكی باڵای حكومەتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی كوردستان كۆبوونەوەو, پرسی نەوتیان تاوتێككرد وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەێنێت “پرسی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە، چونكە بابەتەكە تەنها ئەوە نییە كە نەوت ڕادەست بكرێت”.

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاندوە “بابەتەكە تەنها ئەوە نییە كە هەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵكو كۆمەڵێك ئیلتیزاماتی بەرامبەر كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، بۆیە پێویستە ئەو ئیلتیزاماتانەش بۆ بەغدا باس بكرێت”.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەداوە “نەوتی هەرێم بۆ ئێران نەچووە، بەڵام ئەوەی كە بە شێوازی تر، وەك پاشماوەی نەوت، لە بەشەكانی تری عێراق لە هەرێمەوە دەچووە ئێران، ئەو بابەتەش لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەركراوە”.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەوەشی وتووە “بە هیچ شێوەیەك نەوت ڕاستەوخۆ لە هەرێمەوە بۆ ئێران نەچووە، چونكە بازاڕی نەوتی هەرێم ئێران نەبووە و بۆ شوێنی تر چووە”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراق و هەرێم، پرسی نەوت لە ساڵی ٢٠٠٧وە تا ئێستا بووەتە كێشەیەكی دیار لە نێوان هەردوولادا.

Back to top button