مەسرور بارزانی و باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد
ئەمرۆ سێشەممە 28/9/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە رامۆن بلیکوا باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە بەغدا کرد و لە دیدارەکەشدا دواڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و یەکێتی ئەورووپا تاوتوێکرا.
مەسرور بارزانی، وێڕای تیشکخستنە سەر رەوشی گشتی ناوچەکە و بارودۆخی سیاسی عێراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر بێنە سەر هێل بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتیی یەکێتی ئەورووپای بۆ هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی یەکێتی ئەورووپای لە یارمەتیدانی هەنگاوەکانی ئەنجامدانی چاکسازی لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نیشاندا و هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.