تەواوی زانیاریەكان لەبارەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی ئاشكرا دەبێت

 

خواكوڕك
سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ توركیا ‌و پێشوازلێكرانی لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا, زۆرترین چاوی میدیای و سیاسیی كوردستانی بەسەرەوە بوو, بەتایبەت لە ئێستادا كە هەرێمی كوردستان لەبەردەم كۆمەلێك ئاریشەی سیاسی و سەربازی و دارایدایە.
پەیوەیست بەسەردانەكە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند كە لە میانی‌ كۆبوونەوەی‌ لەگەڵ‌ سەرۆكی‌ حكومەت، سەرۆك كۆماری‌ توركیا ئامادەیی دەربڕی‌ هاوكاری‌ پێكهاتەكانی‌ ناوچەكە بەبێ‌ جیاوازی‌ بكات و ئاماژەشی‌ بەوەداوە لە قۆناغەكانی داهاتوودا توركیا دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاریی هەرێم بەتایبەتی‌ بكات.
لە هەوالێكدا كە لە مالپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بۆئەوە كراوە كە لە كۆبوونەوەیەكدا سەرەتا ئەردۆگان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و دیداری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی كوردستان دەربڕی و دواتر بە درێژی باسیان لە پێشهات و گرفتەكانی ناوچەكە كرد و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هەردوولادا هەبێت و هەرێمی كوردستان لە گەڕاندنەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەكە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و پارستنی پێكهاتەكانی ناوچەكە، رۆڵی كاریگەر ببینێت.
لەمالپەڕی حكومەتی‌ هەرێم نوسراوە: “سەرۆك كۆماری توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی هاوكاریی تەواوی پێكهاتەكانی ناوچەكە بە بێ جیاوازی و پاراستنیان لە هەڕەشەی تیرۆر بكات و لەمبارەیەشەوە هەماهەنگیی لە نێوان توركیا و عێراق دورست ببێت و لە قۆناغەكانی داهاتوودا توركیا دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاریی ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بكات”.
بەگوێرەی‌ سایتەكە، “تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی عیراق و سوریا و ناوچەكە بەگشتی، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكەبوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە بەیەكەوە هاوكاربن بۆئەوەی داهاتووی خۆیان دوور لە توندوتیژی و تائیفەگەری دروست بكەن و وڵاتەكەیان ئاوەدان بكەنەوە و یەكڕیزی خۆیان بپارێزن و ئاسایش و ئاسوودەیی لە ناوچەكانیان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
لە كۆتایشدا نوسیویەتی:” هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە چەند بابەتێكی پەیوەست بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان ئاڵوگۆڕ كرد و جەختیان لەسەر تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكان كردەوە.

Back to top button