مهسرور بارزانی بە بۆنەی ساڵڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی پەیامێکی بڵاو کردەوە
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ كەمكردنەوەی مەینەتی ئێزیدییەكان.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی هاتووە، ئەمڕۆ یادی كۆمەڵكوژییەكی گەورە دەكەینەوە، كاتێك پێنج ساڵ لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش شارۆكەی شنگال و دەوروبەریان داگیر كرد و لە ئەنجامدا خەڵكی دەڤەرەكە بەتایبەتی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان، دووچاری كوشتنی بە كۆمەڵ و جینۆسایدكردن بوونەوە و بە هەزارانیان رفێندران و بە هەزارانیش ئاوارە و دەربەدەر بوون.
دهقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 5مین ساڵەی کۆمەڵکوژی شنگال
ئەمڕۆ یادی کۆمەڵکوژییەکی گەورە دەکەینەوە، کاتێک پێنج ساڵ لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش شاری شنگال و دەوروبەرییان داگیرکرد و لە ئەنجامدا خەڵکی دەڤەرەکە بەتایبەتی خوشک و برا ئێزدییەکانمان، دووچاری کوشتنی بە کۆمەڵ و جینۆسایدکردن بوونەوە و بە هەزارانیان رفێندران و بە هەزارانیش ئاوارە و دەربەدەر بوون.
ئێزدییەکان لە درێژایی مێژوودا رووبەڕووی دەیان فەرمانی قڕکردن بوونەتەوە کە هەموویان دەچنە خانەی جینۆسایدکردن، کە دواترینیان کۆمەڵکوژی شنگال بوو. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و قوربانیدانانەش. ئێزدییەکان هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان کردووە و وەک بەشێکی رەسەنی گەلی کورد ماونەتەوە.
پێویستە لێرەدا ئاماژەش بە رۆڵی مەیدانی و فەرماندەیی راستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگە بکەین کە بەو پەڕی ئازایەتییەوە شنگال و ھەموو ئەو دەڤەرانەیان ئازاد کرد، کە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیرکرابوون. هەروەها رۆڵی خەڵکی کوردستانیش لە هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بەرز دەنرخێنین. ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە خەمناکە دەکەینەوە، دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین بۆ دیاریكردنی رۆژی 3ی ئاب، وهك رۆژی جینۆساید و كۆمهڵكوژیى ئێزدییهكان.
بەهاوکاری هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدرالیش هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ لە پێناو کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کۆمەڵکوژی شنگال. هەروەها کار دەکەین لە پێناوی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی شنگال و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی حکومەتی فیدرال و بەپێی دەستوور.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووسی هەموو ئەو خوشک و برا ئێزدیانەی لە لایەن تیرۆریستانەوە رفێنراون و تا ئێستا ئازاد نەکراون. بە هاوکاری دۆستەکانمان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە لەئاستی جیھانی و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانیان دەکەین. سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی دەڤەری شنگال و هەموو شەهیدانی نیشتمان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
3ی ئابی 2019