د. گەلاوێژ عوبێد: داوای كەمكردنەوەی كرێی خوێندنمان لە زانكۆ ئەھلی و حكوومییەكان كردووە
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، داوای كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ ئەھلی و حكوومییەكان دەكات و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو لەسەر كەمكردنەوەی نرخی خوێندن لیژنەی پەروەردە و ئەنجوومەنی زانكۆ ئەھلییەكان كۆببنەوە.
دكتۆر گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا رایگهیاند : ئێمە وەك لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان داوامان ئاڕاستەی ھەموو زانكۆ ئەھلی و حكوومییەكان كردووە كرێی خوێندن دابەزێنن و رەچاوی رەوشی ئابووریی قوتابیان بكرێت، بڕیاریشە هەفتەی داھاتوو لەگەڵ ھەموو ئەمینداری زانكۆ ئەھلییەكان كۆببینەوە بۆ دیاریكردنی نرخی نوێی خوێندن.
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە دەشڵێت: جگە لە زانكۆ ئەھلییەكان، داوای كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆكانی سەر بە حكوومەتیشمان كردووە، چونكە پێویستە حكوومەتیش لە سیستەمی پاڕالێل كرێی خوێندن كەم بكاتەوە، ئێمە پێمان وایە نرخی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا ئەھلییەكان زۆرە و پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، بەڵام بڕی ئەو دابەزاندنەی نرخ، دیاری نەكراوە، لەبەر ئەوە پێویستە سیستەمێك بۆ دیاریكردنی نرخ دابنرێت”.