سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێكران.
لەو بارەیەوە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێێی بڵاو كردەوە و لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە, سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیان لە پاراستنی ئارامیی سیاسی و سەقامگیریی ئەمنیی عێراق و گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کردەوە.
هەروەها سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاندووە:” لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی کاری پەرلەمانی، یاسادانان، بابەتی بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی عێراق و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شوێنە زیانبەرکەوتووەکانی شەڕی تیرۆر کرد. هەروەها باسی دۆخی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، داهاتوویان و چۆنیەتی گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان کرد.
پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان و دۆخی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بوو.