داواكاریه‌ك له‌ ئافره‌تانی كوردستان له‌باره‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕانه‌وه‌

خواكوڕك

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ یه‌كێتی ئاقره‌تانی كورستان به‌یاننامه‌یه‌كان بڵاوكردۆته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نن، “هەڵسوراوێکی دیاری بزوتنەوی گۆران بە ناوی( سروە عەبدولواحید) کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆران، کە لە زۆربەی دیدارە میدیاییەکانی هەڵوێستی دژی کورد و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستانی نواندووەو لە دواین دیداریشیدا لە کەناڵێکی راگەیاندن بێرێزیەکی بێسنوری کردووە بە پێشمەرگە و قوربانیدانی پێشمەرگە و شەهید و خیزانی شەهیدانی کوردستان”.

هه‌روه‌ها له‌به‌یاننامه‌كه‌ هاتووه‌، “داواکارین ئەم لێدوانەی ناوبراو پەرچە کردارێکی فراوانی لێبکەوێتەوە و هەموو پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی راگەیاندن هەڵوێستی خۆیان دەرببرن و ئیدانەی ئەم کارە نەشیاوە بکەن”.

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌

بەیاننامەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە بارەی لێدوانێکی سروە عەبدولواحید
لە کاتێکدا کە گەل و نیشتیمانمان لە بارودۆخێکی سەختدایە بە هۆی برینی بودجەو موچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا، سەرقاڵ بونی هەموو لایەک بە تایبەت ئەوانەی لە خەمی چارەنوسی ئەم گەلەن بە پرسە چارەنوسسازەکان و پرسی سەربەخۆیی و بەرەنگاربونەوەی قەیرانی دارایی و مەترسی تیرۆریستان، بزوتنەوەی گۆران لە سەرەتای ئەم هەلومەرجەوە هەڵوێستێکی روونی نەبوە، بەڵکو هەندێک جاریش لە رێگەی ئۆرگانەکانی و هەڵسوراوانی هەڵوێستی دوور لە هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتی و زیاتر لەوەش بێرێزیکردن بە سیمبولە نەتەوەییەکانمان دەنوێنرێت.

لەم رۆژانەشدا هەڵسوراوێکی دیاری بزوتنەوی گۆران بە ناوی( سروە عەبدولواحید) کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆران، کە لە زۆربەی دیدارە میدیاییەکانی هەڵوێستی دژی کورد و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستانی نواندووەو لە دواین دیداریشیدا لە کەناڵێکی راگەیاندن بێرێزیەکی بێسنوری کردووە بە پێشمەرگە و قوربانیدانی پێشمەرگە و شەهید و خیزانی شەهیدانی کوردستان ، بە ئاستێک کە هەموو سنورەکانی مۆراڵی تێپەراندووە، لە کاتێکدا کە ناوبراو یەکێکە لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و ئەرکی سەرشانیەتی داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و هاونێشتیمانیانی کوردستان لە نێویشیاندا ئافرەتانی کوردستان بکات، بە پێچەوانەوە دژ بە بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەو هاوهەڵوێستی شۆڤێنیەکانە و لە هەمووشی ترسناکتر لەو دیدارەیدا هێرش بۆ سەر توێژێک دەکات کە لە هەرە توێژە قوربانیدەرەکانن ، کە خێزانی شەهیدانن.

هەرگیز لێدوانی لەم جۆرە و هەڵوێستی لەم شێوەیە نامۆ نییە بە ناوبراو ئەویش بە گوێرەی باگراواندە کەسیەکەی، کە پرە لە نیشانەی پرسیار، بە داخەوەین لەوەی کە ئافرەتێکی لەم شێوەیەی مایەپوچ لە هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەتاڵ لە گیانی مرۆڤایەتی و هاوسۆزی، نزمتر لە ئاست و شکۆی ئافرەتی کوردستان هێرش دەکاتە سەر ئەو ئافرەتانەی کە نمونەی بەرزی قورابانیدانن و ئێمە بە پێشەنگی خۆمان لێیان دەروانین .

ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم هەڵوێستەی سروە عەبدولواحید و هەر هەڵوێستێکی دیکەی لەم جۆرە دەکەین و بە ناوی سەرجەم ئافرەتانی کوردستان رێزی بێ سنورمان لە هەمبەر گەورەیی خێزانی شەهیدان و دەنوێنین و سەرمان نەوی دەکەین لە ئاست پیرۆزی و قوربانیدانیان، لە هەمان کاتدا داواکارین لە بزوتنەوەی گۆران کە هەتا زووە جڵەوی خۆی و هەندێک لە هەڵسوراوە نابەرپرسەکانی بگرێت وە بۆ ئەوەی بە گیانێکی بەرپرسانە هەڵوێستەکانیان دەرببرن خولی بەرز کردنەوەی رەوشت و چۆنیەتی مامەڵە کردن و دەربرینی بیرورا بۆ ئەم جۆرە لە هەڵسوراوانی بکاتەوە لە کاتێکدا کە هەڵەی ئەم هەڵسوراوەیان گەورەترە لەهەر سازشێک .

هەروەها داواکارین ئەم لێدوانەی ناوبراو پەرچە کردارێکی فراوانی لێبکەوێتەوە و هەموو پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی راگەیاندن هەڵوێستی خۆیان دەرببرن و ئیدانەی ئەم کارە نەشیاوە بکەن بۆ ئەوەی سروە عەندولواحید و ئەوانەی بەو جۆرە بیر دەکەنەوە تێبگەن کە سوکایەتیکردن بە سیمبولی قورانیدانی نەتەوە چ جۆرە هەڵەیەکە و چ جۆرە کاردانەوەیەک بە دوای خۆیدا دەهێنێت لە هەمان کاتیشدا ئەو راستیە بزانن کە مێژوویەک هەیە کە گەورەیی قوربانیدانی خێزانی شەهیدان تۆمار دەکات و هەڵوێستی نادروستی کەسانی نابەرپرسیش دەکات .
درود بۆ رەوانی پاکی شەهیدانی کوردستان و سەربەرزی بۆ خانەوادەکانیان.

یەکێتی ئافرتانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
٨/١٢/٢٠١٦

Back to top button