پەرلەمانی كوردستان: نابێت ئەم رووداوەی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەكەیان بە تەمومژیی بمێنێتەوە و لێكدانەوەی جیای بۆ بكرێت
لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، لەسەر كوژرانی رۆژنامەنووسان ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەكەیان دەڵێ، نابێ ئەم رووداوە بە تەمومژیی بمێنێتەوە و لێكدانەوەی جیای بۆ بكرێت، داواش لە هێزە تەناهییەكان دەكات پیشەییانە بەڵگەكان بخەنەڕوو.
تا دێت بازنەی ناڕەزایەتی لە كارەساتی كوژرانی تەواوی خێزانی رۆژنامەنووسان ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوژینی و منداڵەكەیان فراوانتر دەبێت، دوای ئەوەی سەعات نۆ و نیوی شەوی رابردوو، جەستەی تەواوی ئەو خێزانە رۆژنامەنووسە لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان بە كوژراوی لە تێرمیناڵی شارەزوور لە سلێمانی دۆزرایەوە.
تا ئێستە هیچ بەڵگەیەك لەسەر كوژرانی ئەو خێزانە رۆژنامەنووسە ئاشكرا نەكراوە، ئەگەرچی پۆلیسی سلێمانی سەعات دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی تشرینی یەكەم، لە بەیاننامەكەدا كوژرانی ئەو دوو رۆژنامەنووسە و منداڵەكەیان بە كردەوەیەكی خۆكوژی ناو دەبات، بەڵام هێشتا بەڵگەی یەكلاكەرەوەی بڵاو نەكردووەتەوە، ئەمەش دۆسیەكەی هێندەی تر ئاڵۆز كردووە.
لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان داوا لە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس دەكات پیشەییانە بەڵگەكانی تایبەت بەو كارەساتە بۆ رای گشتی كوردستانی روون بكاتەوە.
لیژنە پەرلەمانییەكە لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێ، كارەساتێكی جەرگبڕ هەموومانی لە هەرێمی كوردستاندا تووشی خەمباری و شۆك كرد، كە ئەویش رووداوی “گیان لەدەستدانی هەردوو رۆژنامەنووس كاكە هێمن نووری ناسراو بە ئامانج بابانی و لانە حەمەساڵحی هاوسەری و منداڵە چاوگەشەكەیان بوو”.
لیژنەی رۆشنبیری ئەگەرچی ئاماژەی بە پێكهێنانی لیژنەی بەدواداچوون لە رووداوەكە نەداوە كە لە پەرلەمانی كوردستان بۆی پێكبهێنرێت، رووداوەكە بە رووداوێكی گەورە دەناسێنێ كە زیانێكی گەورەی بۆ سەر كاری میدیایی لە كوردستان دەبێت، داواش دەكات تەمومژی سەر رووداوەكە بە خستنەڕووی بەڵگەی تایبەت بە كارەساتەكە بۆ رای گشتی كوردستان بڕەوێنرێتەوە. هێما بۆ ئەوە دەكات كە “ئێمە لە لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان-ی پەرلەمانی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی پرسە و هاوخەمیی خۆمان بۆ خانەوادە بەڕێزەكانیان و رۆژنامەنووسانی كوردستان رادەگەیەنین، داواش لە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس دەكەین پیشەییانە بەڵگەكانی تایبەت بەم كارەساتە بۆ رای گشتیی كوردستان روون بكەنەوە و نابێت ئەم رووداوە بە تەمومژیی بمێنێتەوە و لێكدانەوەی جیای بۆ بكرێت”.