حکومەتى هەرێم وەڵامى رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە
دواى ئەوەى رێکخراوى هیوامانرایست وۆچ رەخنەى لە هەرێى کوردستانگرت کە رێگا بە هاتوچۆى ژمارەیەک ئاوارەى کەمپى مەخمورنادات بە هۆى نوێ نەکردنەوەى ناسنامەیان هاتوچۆ بکەن رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، رەتیدەكاتەوە رێگری بكرێت لە پەنابەرانی كەمپی مەخمور.
دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتەكەی تایبەت بە مەخمور هیومان رایتس وۆچ دەداتەوەو رایگەیاندوووە ” دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم چەندین رێوشوێنیان گرتە بەر بۆ حەواندنەوەیان و دروستكردنی كەمپ بۆیان، یەكێك لەو رێوشوێنانە بریتی بووە لە رێكخستنی هاتوچۆی كەمپەكان، ئەویش بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی كەمپەكان و رێكخستنی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش رێگری لە كەس نەكراوە، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لەناو شارەكان دەژین”.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە”لە دوای تیرۆركردنی دیپلۆماتێكی كۆنسووڵخانەی توركی لە هەولێر، دەزگا پەیوەندیدارەكان پێداچوونەوەیەكیان بە رێوشوێنە ئەمنییەكاندا كرد، بەشێك لە دانیشتووانی ئەم كەمپە كێشەیان هەیە بۆ تازەكردنەوەی ناسنامەی رێپێدان كە ژمارەیان دەگاتە (٧٦٠) كەس، كە رەزامەندیی نوێكردنەوەیان لەلایەن حكوومەتی ئیتیحادییەوە دەدرێت نەك حكوومەتی هەرێم و، لەبەر نوێنەكردنەوەی ناسنامەی رێپێدان بەشێكیان كێشەیان بۆ دروست بووە لە هاتوچۆكردن بۆ پارێزگاكان، هەروەها چەند گرووپێكی سەربازیی نافەرمی لە دەوروبەر و ناو كەمپەكە بوونیان هەیە، كە دەست دەخەنە ناو بەڕێوەبردنی كەمپەكە و سەرپەرشتیی كەمپەكە دەكەن، حكوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك بەشێك نییە لە بەڕێوەبردنی كەمپەكە و هیچ هێزێكی ئەمنیش لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بوونی نییە لەو ناوچەیەدا”.
ناوبراو جەختدەكاتەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی هاتوچۆی پەنابەرانی كەمپەكە و كارئاسانیكردن بۆیان، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیتیحادی، چونكە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ئیتیحادی لە بەغدا نوێكردنەوەی ناسنامەی نشینگەی بۆ پەنابەرانی نیشتەجێی ئەم كەمپە راگرتووە، بەڵام پێشتر دانیشتووانی كەمپەكە ئازاد بوون لە هاتوچۆكردن بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی راپەراندنی كاروباری رۆژانەیان.