وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە
لە روونكردنەوەیەكدا كە بۆ دەزگای میدیایی خواكوڕك نێردراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە، لە روونكردنەوەكەدا هاتووە” لەماوەی هەشت مانگی دەستبەکاربوونمان لەکابینەی نوێدا هەشت مانگ مووچەمان دابەشکردووە، وە هەروەها بەغداش هەشت مانگ تەمویلی ناردوە لەو ماوەیەدا بۆ مووچە (لە ساڵی ٢٠٢٠ تەنها سێ تەمویلی ناردووە، وە ئێمەش سێ مانگ موچەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەشکردووە، وە بە بڕوایەکی تەواوە دەڵێین نە حکومەتی بەغدا ئامادەیە موچەی زیاد بنێرێت بۆ هەرێم، وە یاسای بودجەی عێراقیش رێگرە لەوەی هیچ موچەیەکی زیاد خەرج بکرێت”.
هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە” بەڵام بەرێزێک ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ٢٣ رۆژدا بەغدا دوو مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام ئەو بەرێزە ئاماژە بەوە ناکات، کە بەشێکی زۆری وەزارەت و دامەزراوەکان موچەی مانگی ١١ ی ٢٠١٩ یان لە رۆژانی نێوان ٢ بۆ ٧-٣-٢٠٢٠ وەرگرتووە، وە خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی ٢٠١٩ لە رۆژی ٩-٣-٢٠٢٠ دەستی پێکرد. دەبوایە بەرێزیان ئاماژەیان بەوە بکردایە کە تەمویلی بەغدا هی مانگی رابردوو دواکەوت بۆ بەرواری ٢-٣-٢٠٢٠ وە هەروەها تەمویلی مانگی ٣ دواکەوت بۆ ٢٦-٣-٢٠٢٠ کە هەردوو نووسراوی تەمویلی مانگی ٢ هەروەها مانگی ٣ ی ٢٠٢٠ کە ئێمە مووچەی مانگی ١١ و ١٢ ی ٢٠١٩ پێ دابەشدەکەین هاوپێچ دەکەین لەگەڵ ئەم روونکردنەوەیە بۆ ئەوەی راستیەکان وەک خۆیان بگەن بە هاوڵاتیانی ئازیزی خۆمان.